پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەسەر سووتانی دەغڵودانەكان هاتە دەنگ

19/05/2019 عێراق
كۆبوونەوەی پارێزگاری كەركوك

نەوا

پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت داوا لە هەموولایەك دەكات لەكاتی روودانی ئاگركەوتنەوە لە دەغڵودانی جوتیاران، هاوكاری هێزەكانی ئاگركوژێنەوە و هێزەكانی پۆلیس و تیمە ئەمنیەكان بكەن.
لەوبارەیەوە راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی كارەساتە سروشتییەكان و ئاگركەوتنەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا داوایكرد، هاوكاری تەواوی ئەو تیمانە بكەن تا بەربگرن لە كەوتنەوەی ئاگر لە بەروبوومی ئەمساڵی جوتیاران.
راكان جبوری ئاماژەی بەوەشكرد" لەراستیدا ئەوان زۆر نیگەرانن لەو ئاگركەوتنەوانە، سەرەتا خێر و بێری بارانی ئەمساڵ وایكرد بەروبوومی ئەمساڵی جوتیاران زۆر بێت، بەڵام كاتێك ئاگر دكەوێتەوە، خۆتان دەزانن كە ئاگر لەو شوێنانە دەكەوێتەوە كە بەروبووم و پووش و پاوانی لێیە، ئێمە ئێوارەی رۆژی شەممە نزیكەی 6 ئۆتۆمبیلی ئاگر كوژێنەوەمان خستە كارەوە بۆ ناوچەكانی حەمرین، بەڵام هاووڵاتیانمان بینی كە پاسەوانی دەغڵودانەكانیانی خۆیان دەكرد، رۆژی یەكشەممەش ئاگر كەوتۆتەوە لە ناوچەی داقوق، دەستبەجێ‌ تیممان ناردووە بۆ ئەوێ‌.
پارێزگاری كەركوك لەمیانی كۆبوونەوەكەدا وتیشی: "ئەو توانایەی لەڕووی ئۆتۆمبیل و كەرەستەكانی ئاگركوژێنەوە كە لەبەردەستیاندایە، وەك پێویست نیە و كێشەی بۆ دروستكردوون، چونكە زۆرێك لە یەكە ئیدارییەكانی سەر بە پارێزگای كەركوك، تا ئێستا ئۆتۆمبیلی ئاگركوژێنەوەیان نیە، لەبەرئەوە داواشمان لە بەغدا كردووە كە پێداویستییەكانمان بۆ دابین بكات، بەڵام بەغدا دەڵێت ناتوانن كە لە ئێستادا داواكاریەكانی ئیدارەی كەركوك وەك پێویست دابین بكەن".
راكان جبوری وتیشی:" لەهەمان كاتدا كۆمپانیای نەوتی باكوریش داوای هاوكاری لێكردوون، بەڵام چونكە ناوچەكە فراوانە، و پانتاییەكی باش كشتوكاڵی تێدا كراوە، هەروەها وەك پێشتر وتم كە بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ كە بە 12 هێندەی ساڵانی رابردوو باران باریوە، ئەوەش وایكردووە بەرووبوومێكی باش و پووش و پاوانی زۆر كۆببێتەوە لەو ناوچانە، ئەمەش ترسی گەورەی لای ئەوان دروستكردووە، بەڵام دەبێت هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان هێزە ئەمنیەكان و تیمەكان و هاوڵاتیاندا.
پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت ئاماژەی بەوەشكرد، جوتیاران مافی خۆیانە كە داوای قەرەبوو بكەنەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی كشتووكاڵەوە دڵنیایی دراوە پێمان كە هاوكاری تەواوی جوتیاران دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group