سعوودییە داوای كۆبوونەوە لە وڵاتانی عەرەبی دەكات

19/05/2019 جیهان
عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە

نەوا
حكومەتی ریاز داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەكات لە كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن لەسەر رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەی كەنداو.
لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە چەند وڵاتێكی كەنداو بە سەركردایەتی سعوودییە كۆببنەوە و باس لە هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر دوو وێستگەی نەوتی سعوودییە و چوار كەشتییە بازرگانییەكە بكەن.
عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سعوودییە جەنگی لە ناوچەكە ناوێت، بەڵام بە هەموو هێزییەوە رووبەڕووی هەر هێرشێك دەبنەوە.
وەزیری دەرەوەی سعوودییە ئاماژەی بەوەشدا، هەموو شتێك دەكەین تاكو جەنگ روونەدات، بەڵام ئەگەر لایەنی دووەم جەنگی بوێت، شانشینی سعوودییە بەرگری لەخۆی و تەواوی بەرژەوەندییەكانی دەكات.
لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە، وەزیری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، دۆخە زۆر هەستیارەكەی ئێستا پێویستی بەوەیە عەرەب و كەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان یەكگرتوو بن.
پێویستە بوترێت سعوودییە ئێران بەهێرشی سەر دوو وێستگە نەوتییەكەی تۆمەتبار دەكات، چونكە حووسییەكانی نزیك لە ئێران هێرشەكەیان ئەنجامدا، بەڵام تاران ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group