نەوا زانیاری نوێ لەسەر دەستبەسەركردنی نەجمەدین كەریم بڵاودەكاتەوە

22/05/2019

نەوا
نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە نێو فڕۆكەخانەی بەیروت لە لوبنان دەستبەسەرە و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ ئازادكردنی.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو كەیسە بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوێنێ نەجمەدین كەریم كاتێك ویستویەتی لە فڕۆكەخانەی بەیروتەوە گەشت بۆ نەمسا بكات، لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیركراوە و لەنێو هۆتێلی فڕۆكەخانەكەدا دەستبەسەركراوە.
سەرچاوەكە وتیشی "پارتی وەك حزب، مەكتەبی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی-یش وەك لایەنی حكومەتی هەرێم لە هەوڵدان بۆ ئەوەی نەجمەدین كەریم ئازاد بكرێت".
هەروەها ئەو سێ لایەنە كونسوڵخانەی ئەمریكا و فەرەنسایان لە هەرێمی كوردستان لەو روداوە ئاگاداركردوەتەوە.
بۆ هەمان مەبەست شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی هوشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی پێكهێنراوە بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ كەیسەكە بكات.
ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردەوە، كە فەرمانی گرتنی نەجمەدین كەریم لای پۆلیسی ئینتەرپوڵ هەیە و لەسەر داوای حكومەتی عیراق تۆماركراوە، بەڵام بەغدا لە سكاڵاكەی كشاوەتەوە و پۆلیسی ئینتەرپوڵی بە فەرمی ئاگادار نەكردوەتەوە بۆئەوەی دەست لە دەستگیركردنی هەڵبگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group