داوای زیادكرنی دەرماڵەی منداڵ لەسەر موچەی فەرمانبەران دەكرێت

23/05/2019 عێراق

نەوا
بەمەبەستی زیاتر گرنیدان بەخێزان و منداڵ، بەهۆی زیادبوونی بودجەی گشتی عیراق، چەند پەرلەمانتارێك نوسراوێكی تایبەتی بۆ زیادكردنی دەرماڵەی منداڵ لەسەر مووچە بەرزدەكەنەوە.
سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داواكارییەكی پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان كردووە بۆ زیادكردنی دەرماڵەی منداڵ لە مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت
بەپێی نوسراوێك كەژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش واژوویان كردووەو، لەلایەن خەلەف عەبدولسەمەد سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا بۆ محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەرزكراوەتەوە، داواكراوە دەرماڵەكە لە (10) هەزار دیناری عێراقی بۆ (25) هەزار دیناری عێراقی بەرزبكرێتەوە.
هەر لە نوسراوەكەی سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامانی پەرلەمان هاتووە، داواكراوە تاكو ئەم دەرماڵەیە چوار منداڵیش بگرێتەوە.
لەبەرامبەریشدا نوسراوەكە لەلایەن محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق واژووی لەسەركراوە و ئاراستەی لیژنەی دارایی و ئابوری كراوە بۆ ئەوەی جێبەجێبكرێت.
دەرماڵەی منداڵ لەسەر مووچەی فەرمانبەر تاكو تەمەنی 24 ساڵی بەردەوام دەبێت ئەگەر لە خوێندن بەردەوامبێت و، لەكاتی گەیشتنیشی بە تەمەنی 18 ساڵی كۆتایی بەو دەرماڵەیە دێت ئەگەر وازی لە خوێندن هێنابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group