تێرێزا مەی وادەی دەست لە كاركێشانەوەی ئاشكراكرد

24/05/2019 جیهان

نەوا

تێرێزا مەی، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، ئاشكرایكرد مانگی داهاتوو دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتەكەی دەكێشێتەوە. 
تێرێزا مەی لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی پارتی پارێزگاران، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان ئاشكرایكرد رۆژی 7ی حوزەیران دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی پارتەكە دەبێت. 
مەی راشیگەیاند: "ئەوەی كە نەمتوانیوە برێكسیت بخەمە بواری جێبەجێكردنەوە، پەشیمانییەكی قووڵی لای من درووستكردووە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە" و جەختی لەوەشكردەوە تا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پارتەكە درێژە بە بە كارەكەی لە سەرۆكایەتی وەزیران، دەدات. 
تێرێزا مەی دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا وردەكاریی پاكێجی نوێی رێكەوتنی برێكسیتی ئاشكراكردبوو، بەرەوڕووی كاردانەوەی كابینەكەی و پەرلەمانتاران ببوویەوە.  
پێشتریش سێ جار رێكەوتنەكانی مەی لەبارەی برێكسیتەوە لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپادا، لە پەرلەمان رەتكرابوونەوە. 
چاوەڕوان دەكرێت پارتەكەی مەی، پارتی پارێزگاران، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا، تووشی شكستێكی گەورە ببێت. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group