نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له شوێنه‌وارناس و به‌رپرسانی حكومی و ئیداری سلێمانی و بیانی پێشانگای پهیكوڵی بۆ شوێنه‌واری پادشا نهرسهی ساسانیه‌كان كرده‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی به رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، له‌هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانیدا له‌ساڵی 1997 ئه‌و به‌رده نوسراوانه‌ی شوێنه‌واری پهیكوڵی، به‌شێكیان هێنران بۆ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی هه‌تا ساڵی 2010، تیمێكی ئیتاڵی هات بۆ خوێندنه‌وه و توێژینه‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌كان، چونكه به ناشاره‌زایی هه‌ڵگیرابون.
وتیشی "به‌رده‌كان به دوو زمان نوسراونه‌ته‌وه، 90 به‌ردیان به زمانێك نوسراوه و 65 به‌رده‌كه‌ی دیكه‌یان به زمانی په‌هله‌وی نوسراون، له كۆندا دوو زمان هه‌بوه فارسی ناوه‌ڕاست و په‌هله‌وی، كه نزیكه له شێوه‌زاری كوردی ئێستا".
پادشا نه‌رسه كوڕه بچوكی شاپوری یه‌كه‌م له 293ی زایینی بۆ 302ی زایینی فه‌رمانڕه‌وایی كردوه و حهوتهمین پادشای بنه‌ماڵه‌ی ساسانیهكانه، له نوسینه درێژه‌كه‌ی پهیكوڵی دا ئه‌و روداوانه گێڕدراوه‌ته‌وه، كه پادشا نه‌رسه له نزیك ده‌ربه‌ندی پهیكوڵی بینیویه‌تی و 100 كیلۆمه‌تر له باشوری شاری سلێمانی ئێستاوه دوره و ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و له‌نێو زنجیره چیاكانی قه‌ره‌داغ-دایه.
له‌ڕووی شوێنه‌وارییه‌وه، عوسمان تۆفیق مامۆستای شوێنه‌وار له‌زانكۆی سلێمانی وتی "ئه‌مه پێی ده‌وترێت گه‌له‌ری پهیكوڵی، له كۆندا پادشایه‌كی ساسانی هه‌بووه به ناوی پادشا نه‌رسه له‌ساڵی 293ی زایینی له ناوچه‌ی توركیا پادشا بوه پاش شۆڕشێك له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات لاچوه و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی ده‌ربه‌ندیخان و خه‌ڵكی رانیه و كوردستان و پیاوماقوڵان به‌یعه‌تی پێده‌ده‌ن بۆ بوون به پادشای ساسانیه‌كان و ئه‌م به‌ردانه نوسراوی ده‌ستی پادشا نهرسهیه، كه له‌سه‌ر ژیانی خۆی و ئیمپراتۆریه‌كه‌ی نوسراوه و ئێستا له مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی پارێزراوه".
وتیشی "ده‌بوایه ئه‌م به‌ردانه له ده‌ربه‌ندیخان بوایه، به‌ڵام به‌هۆی داڕمان و روداوه سروشتیه‌كان و به‌شێكی به قاچاغ براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و به‌شێكی له‌رێگای به‌رپرسانی ئیداری سلێمانی له مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی پارێزراون".
له‌لای خۆیشیه‌وه، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له لێدوانێكدا بۆ رادیۆ نه‌وا وتی "ئه‌م ئاسه‌وارانه‌ی ئێستا هه‌ن میراتی هه‌موو مرۆڤایه‌تین و پاراستنیان ئه‌ركی هه‌موو مرۆڤایه‌تیه و دۆزینه‌وه‌یان له كوردستاندا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، كه قوڵاییه‌كی مێژوویمان هه‌یه و پێویسته باشتر خۆمان بناسین و به‌رپرسیارێتی گه‌وره ده‌خاته سه‌رشانی هه‌موومان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه پێویسته ئه‌مانه هه‌مووی بپارێزین".