هێرشێكی حوسیەكان بۆ سەر سعودیە 26 قوربانی لێكەوتەوە

12/06/2019 جیهان
فڕۆكەخانەی شاری ئەبها لە باشووری سعوودیە

نەوا
هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێكی موشەكی چەكدارانی حوسی بۆ سەر فڕۆكەخانەیەك لە باشوری سعودیە 26 كەس برینداربوون.
بەپێی راگەیەنراوێكی هاوپەیمانی عەرەبی، چەكدارانی حوسی لە رێگەی موشەكەوە فڕۆكەخانەی شاری ئەبهایان لە باشوری سعودیە كردۆتە ئامانج و لە ناو ئەو 26 كەسەی برینداربوون بەشێكیان ژن و منداڵن، كە لە هۆڵی چاوەڕوانی فڕۆكەخانەكەدا بوون.
هاوپەیمانی عەرەبی، بە سەرۆكایەتی سعودیە، كە لە ساڵی 2015 ەوە بۆ پاڵپشتی لە حكومەتی دانپێنراوی یەمەن لە دژی حوسیەكان دەجەنگێت، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی ئەو هێرشەی كردووە.
راشیگەیاندووە: ئەو جۆرە هێرشانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی حوسیەكان موشەكی پێشكەوتووی ئێرانیان بەدەستەوەیە.
هەر یەك لە سعودیە و ئەمریكا بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە راستەوخۆ یان لە رێگەی حزبوڵای لوبنانەوە موشەكی دورهاوێژ و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی گەیاندۆتە حوسیەكان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی تاران ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە و جەخت لەوەدەكەنەوە تەنها بەشێوەی مەعنەوی پاڵپشتی ئەو چەكدارانەی یەمەنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group