"باكوری كوردستان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدایە"

12/06/2019 سەعید عەبدولڵا
گەریلاكانی پارتی كارێكارانی كوردستان پەكەكە

نەوا
لە سمینارێكدا لە شاری هەولێر تیشك خرایە سەر ئەرك و پێگەی كورد لە ململانێ نێودەوڵەتیی و هەرێمییەكاندا و بەپێویست بینرا كە كورد بە یەكگرتوویی ڕووبەڕووی پیلانگێڕیی داگیركەران ببێتەوە.
نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری كوردستان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-6-2019 لە بارەگای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شاری هەولێر، سمینارێكی لەژێر ناوی ڕۆڵ و پێگەی كورد لە ململانێ نێودەوڵەتیی و هەرێمییەكان، بۆ د.كامەران مەنتك، مامۆستای زانكۆ و دیلان دیرایەت، پەرلەمانتاری هەدەپە ڕێكخست.
لە سمینارەكەدا، بەشێك لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، چالاكوانان، چاودێرانی سیاسیی و هاوڵاتیان ئامادەبوون.


لە سەرەتادا دیلان دیرایەت، پەرلەمانتاری هەدەپە، تیشكی خستە سەر گەورەیی پیلانی داگیركەران بۆ بچوككردنەوە و لەناوبردنی گەلی كورد و وتی: داگیركەران بە تەنها كار لەسەر بچوككردنەوەی كورد ناكەن لە باكوری كوردستان، بەڵكو كار بۆ بچووككردنەوەی هەموو گەلی كورد دەكەن لە تەواوی پارچەكانی كوردستان، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەكەوە ڕوبەرووی ئەو پیلانە داگیركاریانەی دەوڵەتی تورك ببینەوە.
دیلان دیرات، ئاماژەی بۆ خراپی دۆخی باكوری كوردستان و گوشار و پەلامارەكانی دەوڵەتی تورك كرد بۆسەر گەلی كورد و ئەندامانی هەدەپە و وتی: لە باكوری كوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەت بۆسەر كوردان و ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە زیاتر دەكات، بە تایبەتیش ئێستا كە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانە.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە، وتیشی، كە ئەوەی دەوڵەتی تورك دەیكات بەتەواویی پێچەوانەی مافی مرۆڤ و دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەكانە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسییانەش چوونە لای یەكی هێزە كوردییەكانی بە گرنگزانی.
پاشان، د.كامەران مەنتك، مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەدین  وتی: ئەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەكە ڕوودەدات، شەڕێكی بچووك نییەو دەستپێكی شەڕی جیهانییە.
كامەران مەنتك، باسی لەوەش كرد، كە ئێران و توركیا لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا توانیان خۆیان بەهێز بكەنەوە ئەمەش مەترسیی خستە سەر هەژموونی ئەمریكا لەناوچەكە، بۆیە ئەمریكا دەستی بە گۆڕانكارییكرد لەشێوازی سیاسەتكردن، ئێستا ئەوەی دەگوزەرێت  ئێمەی خستووەتە بەردەم دووڕیانێكەوە یەكەمیان ئەوە ئەمریكا دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر هەژموونی خۆی لە ناوچەكە بەهێز بكاتەوە یاخود ئێرانە كە دەیەوێت بە شێوەیەك هەژموونی خۆی بە سەر عێراق و ناچەكەدا بسەپێنێت.
هەر لە سمینارەكەدا باس لەوە كرا، كە لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك پێویستە كورد یەكبگرێت و پێگەی خۆی بەهێز بكات، بەپێچەوانەشەوە هەموو دەرفەتەكانی لەدەست دەچێت و جارێكی دیكە پارچە پارچە دەكرێت لەلایەن هێزە داگیركەرەكانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group