دەربەندیخان.. خێزانێك لەگەڵ گوڵ و نەمامدا دەژین

16/06/2019

نەوا
خێزانێكی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان بەشێكی زۆری ژیانیان بەخشیوەتە سەوزكردنی گوڵ و نەمام و رۆژانە كاتێكی زۆریان لەگەڵدا بەسەردەبەن، بەجۆرێك ماڵەكەیان بووەتە باخچەیەكی پڕ لە گوڵی رەنگاوڕەنگ و زیاتر لە 200 جۆر گوڵیان هەیە.
عەلی عەبدولكەریم پیاوێكی دانیشتووی قەزای دەربەندیخانی باكوری خۆرهەڵاتی سلێمانی)، ئەو لەدایكبوی ساڵی 1961ە و بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری نەوتدا هەیە، بەڵام پێچەوانەی تایبەتمەندییەكەی خۆی زیاتر سەرقاڵی گرنگیدان بە ژینگە و گوڵ و نەمام و سەوزایی و پاراستنی ژینگەیە.
ماڵەكەی عەلی زیاتر لە باخچەیەكی رازاوە دەچێت و زۆربەی دیوار و شوێنەكانی تری ماڵەكەی بە گوڵ و نەمام رازاوەتەوە، وەك خۆی دەڵێت؛ بەهۆی حەزو خولیای خێزانەكەیەوە زیاتر دەستیان داوەتەوە گرنگیدان بەچاندن و سەوزكردنی گوڵ و نەمام.
عەلی لەوبارەیەوە دەڵێت "لە ساڵی 1990دا هاوسەرگیریم كردوە و لەسەرەتای ماڵداریمانەوە خێزانەكەم حەز و خولیای گوڵ و نەمام بوو، بۆیە منیش هاوكاریم  كرد و ئاواتەكەیم هێنایەدی و پێكەوە گرنگیمان بەو بوارە دا، تا ئەوكاتەی توانیمان شوێنێكی باش دابین بكەین بۆ ئەو مەبەستە".
ئەو وتیشی "لە ساڵی 2000دا لەگەڵ خێزانەكەم زیاتر برەومان دا بە كارەكەمان و دوای 16 ساڵ توانیمان كۆنترۆڵی هەموو گوڵەكان بكەین و زیاتر لێیان شارەزا ببین، بەجۆرێك ئێستا زیاتر لە 200 گوڵی جۆراوجۆرمان هەیە و هەر گوڵێك لەگەڵ كەشوهەوای ئێرە بگونجێت هەمانە".
عەلی و خێزانەكەی بەجۆرێك لەگەڵ ژیانی گوڵەكان تێكەڵ بوون، باس لەوە دەكات رۆژانە بەپێی زمانی گوڵەكان خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن و لە زمانی ئەوان تێدەگەن، دەزانن چ گوڵێك پێویستی بەئاوی زیاتر یان تیشكی خۆر هەیە و هۆكاری سیسبوون یان كێشەی هەر گوڵێكی تریان لە لایە و بەزوویی چارەسەری دەكەن.
دەشڵێت "گوڵ مانای ژیان دەبەخشێت، سەوزایی ئاوەدانی و خۆشەویستی و ئارامی كەسەكانە، هەر وڵاتێك سەوزایی تیادا نەبێت ژیانی تیادا نییە، بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەم لە ماڵەكانی خۆیانەوە دەستپێبكەن و زیاتر گوڵ و نەمام بچێنن تا رێژەی سەوزایی لە وڵاتدا زیاتر بكەن".
ئەو كارەی عەلی و خێزانەكەی تەنها حەزو و خولیایەكی خۆیانە بۆ گوڵ و نەمام و تائێستا بیریان لەوە نەكردوەتەوە لە رێگەی فرۆشتنی گوڵەكانەوە داهاتێكی زیاتر بۆ خۆیان پەیدا بكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group