هه‌ولێر-سه‌عید عه‌بدوڵڵا
سلێمانی-رۆژیار سیروان
به‌شێك له‌خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له‌شاری هه‌ولێر و سلێمانی گردبونه‌وه و داواكارییه‌كانیان له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا خسته‌ڕو.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌شێك له خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی چونه به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان و داوا ده‌كه‌ن نه‌كرێن به‌سوته‌مه‌نی.
له‌وباره‌یه‌وه محه‌مه‌د چه‌تۆ نوێنه‌ری خوێندكارانی ناڕازی له شاری هه‌ولێر بۆ رۆژنامه‌نوسان وتى "سه‌ره‌تا داوای چاوخشاندنه‌وه به پرسیاره‌كانی خولی دووه‌م ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نه‌بێت، له‌هه‌مانكاتدا جگه له‌و وانانه‌ی راگه‌یه‌ندران، داوای قه‌ره‌بوو له‌چه‌ند وانه‌یه‌كی دیكه‌شدا ده‌كه‌ین".
وتیشى "له وانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی وه‌زاره‌ت قه‌ره‌بووی كردینه‌وه، به‌ڵام داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه له‌وانه‌ی بیركاریش ده‌كه‌ین، چونكه هه‌ڵه و كه‌موكورتى له پرسیاره‌كاندا هه‌بو".
نوێنه‌ره‌كه‌ى خوێندكاران رونیكرده‌وه، داوا له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن هاوكار و پاڵپشتیان بێت بۆئه‌وه‌ی مافیان نه‌خورێت، چونكه گوێیان بۆ نه‌گیراوه، داوای پێداچونه‌وه‌ش به بابه‌ته‌كانی ئینگلیزی و فیزیا و ئابورى ده‌كه‌ن.
ئه‌و نوێنه‌ره‌ی خوێندكارانی 12ی ئاماده‌یی ده‌ڵێت "له‌وانه‌ی بیركاری هیچ تێنوسێكمان لانه‌بو بۆئه‌وه‌ی شیكاری پرسیاره‌كانی پێ بكه‌ین. هه‌روه‌ها دابه‌زاندنی كۆنمره‌ی وه‌رگرتن له‌زانكۆ و په‌یمانگاكان داواكارییه‌كی دیكه‌مانه، پێویسته مامۆستای شاره‌زاش دابنرێت بۆ دانانی پرسیاره‌كان".
هاوكات ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له خوێندكاری ناڕازی پۆلی 12 له‌شاری سلێمانی له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای شاره‌كه گردبونه‌وه و داوا ده‌كه‌ن ئه‌و مامۆستایانه‌ی پرسیاریان داناوه سزابدرێن.
له‌باره‌ى داواكارییه‌كانیان، هاوبیر جه‌زا نوێنه‌ری خوێندكارانی ناڕازیی به رادیۆ نه‌وای وت "ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك خوێندكاری ناڕازی گردبوینه‌ته‌وه بۆ داواكردنی مافه‌كانمان، له‌چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕوونى ده‌بینرێت كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده ئامانجیان كۆڵه‌واركردنی خوێندنی كوردستانه و به‌ربه‌ست خستنه‌به‌رده‌م خوێندكارانه، بۆیه ئه‌مڕۆ داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م خوێندكاران ده‌كه‌ین".
وتیشی "به‌ته‌نها له پرسیاره‌كانی وانه‌ی كوردی 28 هه‌ڵه‌ی تێدا بوه و چه‌ند پرسیارێكی ده‌ره‌كیش له‌ناو وانه‌ی عه‌ره‌بیدا بوونی هه‌بووه، كێشه له‌وانه‌كانی ئینگلیزی و جوگرافیادا هه‌بوه، بۆیه پێویسته ئه‌و جیاوازیه زۆره له‌نێوان خولی یه‌كه‌م و دووه‌م نه‌هێڵدرێت و ئه‌و مامۆستایانه‌ی پرسیاریان داناوه سزابدرێن و لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچونی پرسیاره‌كان دابنرێت".
پێشتریش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی نمره‌ی وانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی به خوێندكاران داوه، به‌ڵام خوێندكارانی ناڕازیی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، كه رازی بن به‌و دوو وانه‌یه و داوا ده‌كه‌ن قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی نمره بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و وانانه بێت، كه هه‌ڵه‌یان تێدا ئه‌نجامدراوه‌و ئه‌و كارانه‌ش به هه‌وڵێكی ده‌بینن تا زانكۆ ئه‌هلیه‌كان زیاتر سودمه‌ندبن.