یه‌كێتى ناوى دوو كاندید بۆ وه‌زاره‌تى دادى عیراق ئاشكرا ده‌كات

22/06/2019 عێراق

نه‌وا
حه‌سه‌ن ئاڵى په‌رله‌مانتارى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عیراق ئاشكرایكرد، حاكم ئه‌ركان بیبانى خه‌ڵكى كه‌ركوك و حاكم رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ پاڵێوراون بۆ وه‌رگرتنی پۆستى وه‌زیرى دادى عیراق.
حه‌سه‌ن ئاڵى له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتى: دوو ناو پاڵێوراون بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زیرى دادى عیراق و به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌ده‌ستمان گه‌یشتوون حاكم ئه‌ركان بیبانى خه‌ڵكى كه‌ركوك و حاكم رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ كاندیدن.
وتیشى: ئه‌وانه‌ كه‌سانى سه‌ربه‌خۆن و ئێمه‌ ده‌نگ به‌ حاكم ئه‌ركان ده‌ده‌ین، چونكه‌ ئه‌و كه‌سێكى به‌تواناو پاكه‌و پیشه‌ییه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: چاوه‌ڕێى هه‌ڵوێستى كوتله‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر ده‌نگیش به‌  حاكم رزگار بدرێت به‌رهه‌ڵستى توندیان نابێت، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت كه‌سێك بچێته‌ ئه‌و پۆسته‌وه‌، كه‌ كه‌سێكى پیشه‌یى بێت و تاواناى به‌ڕێوه‌بردنى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى هه‌بێت.
پۆستى وه‌زیرى داد پشكى كورده‌ و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانیش به‌ پشكى خۆى ده‌زانێت و تائێستا به‌هۆى ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلایى نه‌بوه‌ته‌وه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group