رێباز حەملان سێ بڕیاری راگەیاند

25/06/2019

نەوا

رێباز حەملان، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت سێ بڕیاری لەبارەی رێكخستنی بازاڕ و نرخی هێلكە دەكرد و رایگەیاند، پێویستە كەرتی كشتوكاڵ بایەخی پێبدرێت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
یەكەم بڕیاری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت تایبەتە ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وەزارەت بەئامادەبونی بەڕێوەبەرانی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاكان و خاوەن كێڵگەكان بۆ تاوتوێكردنی بابەتی بەرهەمی هێلكە و رێكخستنی بازاڕ و دابینكردنی پێداویستی خاوەن كێڵگەكان و دیاریكردنی نرخی هێلكە.
بڕیاری دووەمیش پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری بەمەبەستی سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ بۆ یەكخستنی رێنمایەكانی هاوردەكردنی هێلكە و بەڕچاوكردنی پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ.
كۆتا بڕیاریش  ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدارە بۆ تووندكردنی خاڵە سنوورییەكان و رێگەگرتنی هاوردەكردنی هێلكە بە رێگەی نایاسایی لەبەربوونی مەترسی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان.
بە مەبەستی پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی، لەماوەی رابردوودا، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هاوردنی ھێلكەی خواردنی قەدەخە كرد، بەو هۆیەوە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان خواست و خستنەڕوو دروستبوو، ئەمەش نرخی هێلكەی بەرزكردەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group