پێشكەشكارێكی عەرەبی ئابڕوی خۆی و كەناڵەكەی دەبات

25/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا

پێشكەشكارێكی میسری بەناوی میدحەت شەلەبی بەهۆی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە توشی ئابڕوچونێكی زۆر بوەوە و كەناڵەكەشی روبەڕوی رەخنەیەكی زۆر بۆتەوە.
شەلەبی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا كە تایبەتە بە بەرنامەیەكی تایبەت بە جامی نەتەوەكانی ئەفریقا بۆ تۆپی پێ، نازانێت مۆریتانیا وڵاتێكی عەرەبییە و بە عەرەبی قسە دەكەن.
ئەو لەكاتی گفتوگۆیدا لەگەڵ میوانێكی مۆریتانی داوای لێدەكات بە زمانی مۆریتانی قسە بكات، بەڵام توشی شۆك دەبێت كە گوێی لێدەبێت میوانەكەی بە عەرەبی قسە دەكات، لەوكاتەدا لێی دەپرسێت بەچی شێوازێك فێری زمانی عەرەبی بوە؟ ئەویش دەڵێت "مۆریتانییەكان بە عەرەبی قسە دەكەن".
جارێكی تر شەلەبی پێیدەڵێت "چۆن عەرەبی دەزانیت و تۆ مۆریتانیت؟ چۆن فێری عەرەبی بویت؟"، تا یەكێك بە خوێندكارە مۆریتانییەكانی ئامادەی بەرنامەكە پێیدەڵێت "بە عەرەبی قسە دەكات لەبەرئەوەی زمانی بەكارهێنانە لە مۆریتانیادا".
لەگەڵ بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، لەڕێی تویتەرەوە گاڵتەیەكی زۆر بە بێژەرە میسرییەكە دەكرێت و یەكێك لە تویتێكدا نوسیویەتی "دەشێت نەفامی بگاتە ئەو ئاستە؟ بەڕاستی جێی سەرسوڕمان و سەیروسەمەرییە. مۆریتانیا وڵاتی ملیۆنێك شاعیرە، لە زۆرینەی وڵاتانی دیكە زمانی پاراوی عەرەبی تێدا بەكاردەهێنرێت. چۆن دەبێت "میدیاكارێك" تا ئەو ئاستە جاهیل بێت؟".
هەر لە تویتەردا هاشتاگی "مۆریتانیا دەوڵەتێكی عەرەبییە هەی میدحەت" بڵاوبۆتەوە و یەكێكیش لە تویتێكدا دەڵێت "خۆزگە هەموو میدیاكارێك لە مێژو و جوگرافیادا تاقیدەكرانەوە تا ئابڕوچون رونەدات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group