عادل عەبدولمەهدی: بەڵگەنییە بیسەلمێنێت فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەعێراقەوە دەرچووبن بۆ لێدانی سعودییە

پێش 3 هەفتە عێراق

نەوا
سەرۆك وەزیری عێراق دەڵێت هیچ بەڵگەیەكیان لەلانیـیە بیسەلمێنێت ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی لەناوەڕاستی مانگی ڕابردوو دامەزراوە نەوتیـیەكانی سعودیـیەیان كردە ئامانج، لە عێراقەوە دەرچووبن.
عادل عەبدولمەهدی رۆژی سێشەممە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هەفتانەكەیدا، لەلایەن ڕۆژنامەوانێكەوە پـرسیاری لێكرا ئایا هیچ زانیاری لایە سەبارەت بەلێدوانی پەرلەمانتارێك كە وتویەتی ئەمەریكاییەكان سەرۆك وەزیریان ئاگاداركردووەتەوە لەوەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی دامەزراوە نەوتیـیەكانی سعودیـیەیان كردە ئامانج لە عێراقەوە دەرچوون."
عەبدولمەهدی لەوەڵامدا وتی"بەڵێ ئەمەریكایـیەكان لەمبارەیەوە قسەیانكردووە كە بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵگرییەكان ڕەنگە ئەو فڕۆكانە لە عێراقەوە هەستابن، بەڵام هەموو دەزگا هەواڵگریـیەكانمان و چاودێری هاتوچۆی ئاسمانی و فەرماندەیەتی هێزی ئاسمانی ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەكردەوە."
وتیشی ئەگەر ئەو فڕۆكانە لەناوەڕاستی عێراقەوە هەستابن، ئەوا پـێویستە 975 كیلۆمەتر ببڕن هەتا بگەنە ئەو شوێنانەی لە سعودیـیە هێرشەكانیان كراوەتەسەر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بزوتنەوەی ئەنسارالله (حوسییەكانی یەمەن) بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەكان راگەیاندووە.
عەبدولمەهدی دەشڵێت "هەستانی فڕۆكەكان لە یەمەنەوە بۆ ئەو شوێنەی سعودیـیە تەنیا پـێوستی بە 600 كیلۆمەترە".
لە 14ی مانگی پـێنج كاربەدەستانی سعودیـیە وتیان 2 وێستگەی ترومپای كێڵگەكانی نەوتی ناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان كە نەوت بە بۆریە نەوتییەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بۆ بەندەری یەنبوع لە كەناری ڕۆژئاوای وڵاتەكە دەنێرن، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كراونەتە ئامانج.

 

 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group