غالب محەمەد: بەنزینی 450 دیناری بە كوڕە بەرپرسەكان و 700 دیناریش بە هەژارەكان دەفرۆشرێت

14/07/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
د.غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت "بڕێكی زۆر سوتەمەنی بەناوی ئاوارەكانەوە هێنراوەتە پارێزگاكانی هەرێم و دیار نەماوە". دەشڵێت "پارێزگارێك ئاگای لە پارێزگاكەی نەبێت چەند لیتر نەوتی بۆ دێت، پێی دەوترێت گەندەلی ئیداری".
پەرلەمانتارەكەی عیراق لەپرێس كۆنفرانسێكدا لە سلێمانی رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە دوای 2014 وە هەموو سوتەمەنییەكانی وەك بەنزین و نەوتی سپی و گاز و نەوتی رەشی كردووە بە بازرگانی و تەنها هاووڵاتی زەرەرمەند بوە، چونكە بە نرخێكی گران سوتەمەنی دەستدەكەوێت.
وتیشی "لەساڵی 2018 دا 21 ملیۆن و 267 هەزار لیتر بەنزین بە ناوی ئاوارەكانەوە هاتۆتە ناو سلێمانییەوە و پاش قسەكردن لەگەڵ نوسینگەی ئاوارەكان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەدەن هیچ بەنزینێكیان بەكارنەهێناوە، واتە حكومەتی سلێمانی ئەم بەنزینەی بەكارهێناوە بۆخۆی بە نرخی 450 دینار كڕیوێتی و بۆ فەرمانگە حكومییەكان بەكارهێنراوە، دەتوانم بڵێم حكومەتی سلێمانی بەنزین بە نرخی 450 دینار بە كوڕە بەرپرسەكانی دەفرۆشێت و بۆ كوڕی فەقیر بە 700 دینار بۆ هەر لیترێك".
ئاماژەی بەوەشدا، لە پارێزگای سلێمانی 23 ملیۆن و 481 هەزار لیتر گاز بە ناوی ئاوارەكانەوە وەرگیراوە، بەڵام پاش لێكۆڵینەوە ئاوارەكان یەك لیتریان وەرنەگرتوە، ناكرێت مۆلیدە ئەهلیەكان گاز بە نرخێكی گران بكڕن و كرێ لەسەر هاووڵاتیان گرانبكرێت، بەڵام ئۆتۆمبێلی بەرپرسان و دەزگا حكومیەكان كە بۆ كاری تایبەت بەكاریدەهێنن، بە نرخی 450 دینار بۆ لیترێك بەنزین بكڕن. 
سەبارەت بە نەوتی سپی د.غالب محەمەد وتی "سلێمانی 44 ملیۆن و 961 هەزار لیتری وەرگرتوە، خۆی لە خۆیدا سلێمانی پێویستی بە 100 ملیۆن لیترە واتە دەبێت نیوەی پارێزگای سلێمانی نەوتی وەرگرتبێت، بەڵام كە دێیت وردی دەكەیتەوە ناوچەی هەڵەبجە و گەرمیان نەوتیان وەرنەگرتوە، نوسراوێكم بە ژمارە 76 لە 21-4-2019 بۆ پارێزگای سلێمانی كردووە و داوامان كردووە بۆمان روونبكرێتەوە چەند نەوتی سپی هاتۆتە ناو سلێمانی، بەڵام هەتا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، ئەگەر پارێزگارێك نەتوانێت ئاگای لەوە بێت چەند لیتر نەوت هاتۆتە پارێزگاكەیەوە ئەوا پێی دەوترێت گەندەڵی ئیداری، پاش لێكۆڵینەوە بۆم دەركەوتووە 27 ملیۆن لیتر بەكارهێنراوە، باقیەكەی دیار نییە، دەكرێت هاووڵاتی پاش ئەو قەیران و نەبوونیە نەوت بە گران بكڕێت و ئەوانیش نەوت لە عیراق وەربگرن و دابەشی نەكەن بەسەر هاووڵاتیاندا و كەس نازانێت چی بەسەردێت؟".
هەرچی سەبارەت بەپارێزگای هەولێریشە، د.غالب محەمەد ئاماژەی بەوەدا، ئەو پارێزگایەش بە ناوی ئاوارەكانەوە 4 ملیۆن و 670 هەزار لیتر بەنزینی بێبەرانبەری وەرگرتوە و یەك هاووڵاتی هەولێر بە بێبەرانبەر یەك لیتر بەنزینی وەرنەگرتوە، هەروەها بڕی 23 ملیۆن و 224 هەزار لیتر بەنزینی بە نرخی 450 دینار وەرگرتوە بۆ ئاوارەكان. "پارێزگای هەولێر بڕی 3 ملیۆن و 816 لیتر گازی بەبێ بەرانبەر لە حكومەتی عیراق وەرگرتوە و بڕی 23 ملیۆن و 851 هەزار لیتر بە پارە كڕدراوە" پەرلەمانتارەكەی عیراق وای وت. 
رونیشیكردەوە، لەساڵی 2018دا هەولێر 29 ملیۆن و 628 هەزار لیتر نەوتی سپی وەرگرتوە و كەس نازانێت ئەم نەوتە چی لێكراوە؟ چونكە كەس بەدواداچونی بۆ ناكات.
پارێزگای دهۆكیش بڕی 3 ملیۆن و 208 هەزار لیتر بەنزینیان وەرگرتووە بەبێ پارە و بڕی 23 ملیۆن و 201 هەزار لیتریش بە پارە كڕدراوە و بە بڕی 24 ملیۆن و 919 هەزار لیتر گاز لە پارێزگای دهۆك وەرگیراوە، ئەگەر ئاماری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك وەربگرین 48 ملیۆن لیتر گاز وەرگیراوە بەناوی مۆلیدە بۆ ئاوارەكان، بەڵام كە بەدواداچوونی بۆ دەكەین بۆ ساڵێك 19 ملیۆن لیتر گاز سەرفكراوە، دەپرسین جیاوازی لەنێوان 48 ملیۆن لیتر بۆ ئەم بڕە چەند لیترە و چی لێهاتوە؟ ئەم گرفتانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پەرلەمانی كوردستان و پارێزگار چاودێر نییە بەسەریانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group