ئەفغانستان.. بەهۆی تەقینەوەیەك 29 هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی

15/07/2019 جیهان

نەوا
لەئەنجامی تەقنیەوەیەك لەباشوری ئەفغانستان 29 كەس بوونە قوربانی كە سەرجەمیان مەدەنی بوون.
حەیاتوڵا حەیات، حاكمی ویلایەتی قەندەهار لە باشوری ئەفغانستان رایگەیاند: رۆژی دووشەممە بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لەناوچەی دەرزابی ویلایەتەكەیان 9 كەس كوژراون و 20 ی تریش برینداربوون.
وتیشی: سەرجەم قوربانیەكان مەدەنی بوون و بەشێكی زۆریان ژن و منداڵن.
ئەو كەسانە خەڵكی ویلایەتی هێلمەند بوون بەسواری پاسێك بەرەو مەزارگەی شا مەقسود لە قەزای خاكریزی قەندەهار كەوتبوونە رێ.
بەرپرسانی حكومی، تاڵیبان بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە تۆمەتبار دەكەن، بەڵام تا ئێستا ئەو بزوتنەوەیە لەوبارەوە هیچ هەڵوێستێكی رانەگەیاندووە.
قەندەهار یەكێكە لەناسەقامگیرترین ویلایەتەكانی ئەفغانستان و بەشێوەی نەریتی بە یەك لەپێگە سەرەكیەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان دادەنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group