سعوودیە: هەموو ئاسانكارییەك بۆ حاجیانی قەتەر دەكەین

16/07/2019 جیهان
شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعوودیە

نەوا
ئەنجومەنی وەزیرانی عەرەبستانی سعوودیە تەئكید دەكاتەوە، كە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، داوایكردووە سەرجەم رێكارەكان بۆ كارئاسانیكردنی هاتنی حاجیانی قەتەڕ بۆ وڵاتەكەیان بكرێت و هەموو پڕوپاگەندەكانی حكومەتی دەوحەش رەتدەكەنەوە بە دروستكردنی ئاسەتەنگ بۆ حاجیانی قەتەڕ.
لەوبارەیەوە عسام بن سەعد بن سەعید وەزیری راگەیاندنی سعوودیە بەوەكالەت لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاندووە، دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعوودیە راگەیەندرا، سەبارەت بە ئاسانكارییەكان بۆ حاجیانی ماڵی خودا، بەتایبەت حاجیانی قەتەری، راشیگەیاند" كەوا شا سەلمان دووپاتیكردۆتەوە، بەهەموو شێوەیەك كارئاسانی بكرێت بۆ هاتنی حاجیان و سەرجەم خزمەتگوزارییەكان و تەندروستییەكان بخرێنە خزمەتی حاجیانی ماڵی خوداوە".
هاوكات هەر لەو راگەیەندراوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جەخت لەسەر رەتكردنەوەی ئەو پڕوپاگەندانە كرایەوە، كە حكومەتی قەتەری كردوونی، گوایە كێشە بۆ حاجیانی قەتەری لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە دروستدەكرێت.
وەزیری راگەیاندنی سعوودی وتیشی: "لەمساڵدا عەرەبستانی سعوودی پێشوازی لە زیاتر لە 8 ملیۆن موسوڵمان كردووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی عومرە، تا ئێستاش پێشوازی لە 2 ملیۆن موسوڵمان كراوە لەسەرانسەری جیهان، كە بۆ حەجی ئەمساڵ سەردانی سعوودیەیان كردووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group