ژاپۆن.. لەهێرشێكدا بۆسەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی فیلمی ئەنیمەیشن 33 كەس بوونە قوربانی

18/07/2019 جیهان

نەوا
سەرلەبەیانی رۆژی پێنج شەممە بەهۆی هێرشێك بۆسەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی فیلمە ئەنیمەیشنەكان لەشاری كیوتۆی ژاپۆن 33 كەس بوونە قوربانی.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، هێرشەكە لەلایەن كەسێكەوە ئەنجامدراوە، كە كێشەی دارایی هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی كۆماپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی ئەنیمەیشندا.
هەربەپێی رۆژنامە بەریتانییەكە ئەو كەسە چۆتە ناو كارگەكە و سووتەمەنی جۆری بەنزینی پێبووە و رشاندویەتی بەناو كارگەكەدا و پاشان ئاگری تێبەرداوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەخێراییەكی زۆر ئاگرەكە تەشەنەی سەندووە و زیانی زۆری گیانی و مادی بە كارگەكە گەیاندووە، هاوكات بەمەبەستی كوژاندنەوەی ئاگرەكە فڕۆكەی ئاگر كوژاندنەوەو 35 ئۆتۆمبیلی ئاگر كوژێنەوە بەكارهاتووە.
هاوكات بەپێی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، كە لەزاری شایەتحاڵەكانەوە بڵاویكردۆتەوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە لەناو كارگەكە، پاش دامركاندنەوەی ئاگرەكە ژمارەیەكی زۆر لە چەقۆ دۆزراوەتەوە كە لەناو داروپەردووی كارگە سووتاكە بووە، لایخۆیانەوە بەرپرسانی ئەمنی ئەو شارە گومانیان لەوە هەیە، كە كاری گەورەتر لەپشت ئەو هێرشەوە هەبووبێت.
هونەری ئەنیمەیشن بەیەكێك لە هونەرە چێژ بەخشەكان دادەنرێت لە ژاپۆن، كە خودی حكومەتی ئەو وڵاتە راستەخۆی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەنجامدەدات، ئەویش لەچوارچێوەی بەرنامە رۆشنبیرییەكانی حكومەت دێت، هاوكات لایەنێكیشە بۆ زیادكردنی باری دارایی وڵات كە ساڵان چەندین فیلمی ئەنیمەیشن بەرهەمدەهێنرێت و دەفرۆشرێتەوە بەوڵاتانی دەرەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group