كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان: نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە بەكەركووكیشەوە

22/07/2019 عێراق

نەوا
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە نیسانی 2020 ئەنجام دەدرێت و لە كەركووكیش هەڵبژاردنەكە دەكرێت.
كەریم تمیمی، وتەبێژ بەناوی كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، رایگەیاند " بڕیارە لە نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق بكرێت، هەنگاوی زۆرمان بڕیوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانمان بۆ بەجێگەیاندنی ئەو هەڵبژاردنانە ". 
لای خۆیەوە رزگار محەمەد، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند: " لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا مادەیەكی تایبەتیش بۆ كەركوك دیاریكراوە، كە هەندێك تایبەتمەندی لەنێو یاساكە هەیە پەیوەستە بەو پارێزگایە لەوانە وردبینی لە تۆماری دەنگدەران كە ئەگەر لەو ماوەیە نەكرا ئەوا لەماوەی شەش مانگ لە پاش هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت".
رزگار محەمەد ئەوەشی روونكردەوە "لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەران لە كەركووك تۆمارێكی تەواو بێت و لەگەڵ چەندین وەزارەت و فەرمانگە لەسەر هێڵین بۆ ئەو مەبەستە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group