بەرهەم ساڵح: نابێت سوپا بەشدار بێت لە یەكلایيكردنەوەی هاوكێشە سیاسییەكاندا

18/08/2019 عێراق

نەوا
سەرۆك كۆماری عێراق وەزارەتی بەرگری بەسەركردەوەو جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش لە عێراقدا.
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی یەكشەممە سەردانی وەزارەتی بەرگریكردو لەلایەن وەزیری بەرگری نەجاح شەمری و گەورە ئەفسەرانی سوپا پێشوازیكرا.
سەرۆك كۆمار لە وەزارەتی بەرگری وتارێكی پێشكەشكرد، تێیدا دووپاتیكردەوە كە خوێنی شەھیدان و قوربانی هێزە چەكدارەكان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆر بەرز دەنرخێنین كە لە پێناو پاراستنی هاوڵاتییان و گشت عێراقدا رشتیان.
لەدرێژەی وتارەكەیدا بەرهەم ساڵح رایگەیاند كە پێویستە سوپا بەردەوامبێت لە ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش لە عێراقدا.
سەرۆك كۆمار ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نابێت سوپا بەشدار بێت لە یەكلایكردنەوەی هاوكێشە سیاسییەكاندا بەڵكو دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و پیشەیانە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، هاوكات جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە چەك تەنها بە دەست دەوڵەت بێت.
سەبارەت بە كێشەكانی ناوچەكە سەرۆك كۆمار رایگەیاند كە عێراق جارێكی تر نابێتە گۆڕەپانی یەكلایكردنەوەی ململانییە سیاسییەكانی ناوچەكە بەڵكو عێراق دەبێتە پێگەیەك بۆ بەیەكگەیشتنی لایەنە ناكۆكەكان، تا جارێكی تر ناوچەكە توشی شەڕ و ماڵوێرانی نەبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group