سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا دەست لەكاردەكێشێتەوە

20/08/2019 جیهان
جۆزپە كۆنتە سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا

نەوا
جۆزپە كۆنتە سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند كە حكوومەتی هاوپەیمانی بە بەشداری پارتی لیگ و بزاوتی 5 ئەستێرە كۆتایی هاتووە و دەست لەكاردەكێشێتەوە.
جۆزپە كۆنتە لە بەردەم ئەنجومەنی سیناتۆی ئیتاڵیا هۆكاری قەیرانەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە هاوبەشی هاوپەیمانێتییەكەیان و ماتۆ سالڤینی یاریدەدەری سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆ بەهەموو شتێك دەلێن نەخێر و ئەوەش قەیرانەكەی قوڵ كردۆتەوە و داوای لێسەندنەوەی متمانە دەكەن لە حكوومەت. 
 سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند لەماوەی ساڵێكدا حكوومەت كاری باش و گرنگ و گەورەی ئەنجام داوە، بەڵام هۆكاری ئەو قەیرانە وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی پارتی لیگ، سالڤینی-ە 
جۆزپە كۆنتە وتی: "وەزیری ناوخۆ بیری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی و پارتەكە كردۆتەوە. دەنگدان پێویستییەكی دیموكراسییە بەڵام بردنی هاووڵاتیان هەموو ساڵێك بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان، كارێكی نابەرپرسانەیە.
جۆزپە سوپاسی هەموو ئەوانەی كرد كە دەنگی متمانەیان پێداوە بەڵام ناچارە كە ئەزموونی حكوومەت لێرەدا رابگرێت و وتی، "نیازمە ئەم پرۆسەیە تەواو بكەم. لێرەدا كۆتایی دەهێنین بە ئەزموونی حكوومەت و دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكەم".
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 4ی ئازاری 2018دا، هەریەك لە پارتی لیگ-ی سەوز وM5S، حكوومەتێكی هاوپەیمانیان پێكهێنا و لە 1ی حووزەیرانی 2018دا حكوومەت پێكهێنرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group