ناتانیاهوو جارێكی تر بەشداری وڵاتەكەی لە هێرشی سەر حەشدی شەعبی پشتڕاست كردەوە

23/08/2019 جیهان

نەوا
بنیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جارێكی تر پەیوەندی وڵاتەكەی بە هێرشەكانی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق پشتڕاست كردەوە.
ناتانیاهوو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەو زنجیرە هێرشانەی كراونەتە سەر كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە عێراق وتی: "لە هەر شوێنێك پێویست بێت لە دژی ئەو وڵاتە دەكەوینە جوڵەوە كە نیازی لە ناوبردنی وڵاتەكەمانی هەیە"، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكراشی كرد، هێزە سەربازیەكانی وڵاتەكەی دەستكراوە كردووە، لەوەی كە لە هەر شوێنێك پێویست بێت زەبر لە ئێران بوەشێنن و پیلانەكانی پوچەڵ بكەنەوە.
ئیسرائیل پێی وایە كە ئێران لە رێگەی جێگیركردنی موشەك و تەقەمەنی لە كۆگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بەنیازە بیانگوازێتەوە بۆ سوریا، یان هەر لە عێراقەوە هێرشبكاتە سەر ئیسرائیل و پێشتریش ناتانیاهوو ئاماژەی بەوەكردبوو، هێزەكانی سەر بە حكومەتی تاران لە هیچ شوێنێك پارێزراو نین.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group