لەبارەی وەرگرتنەوەی پێشینەكان رونكردنەوە دەدرێت

30/08/2019

نەوا
بەمەبەستی راگرتنی بڕیارێكی دارایی بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە، یاداشتێك پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت، بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوونی سلێمانیش دەڵێت: پێشینەی خانووبەرە تەنیا لەو كەسانە وەردەگیرێتەوە كە وەك هاووڵاتی وەریانگرتووە.
روپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان بە  تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە: لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رێنماییەك رەوانەی گەنجینەكان كراوە، كە لەماوەی ساڵێكدا پێویستە پێشینەی خانووبەرەو هاوسەرگیری لە سوودمەندبووان وەربگیرێتەوە، ئێمەش یاداشتێكمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بۆئەوەی وەزارەتی دارایی ئەو بڕیارە رابگرێت، تا ئەوكاتەی حساب بانكی بۆ فەرمانبەران دروست دەكرێت.
وتیشی: "تائێستا بڕیاری وەرگرتنەوەی پێشینەكان جێبەجێنەكراوە، بەڵام ئێمە داوامان كردووە رابگیرێت".
لەلایەن خۆشییەوە، حەسەن رەشید بەڕێوەبەری گەنجینەی یەكی سلێمانی رایگەیاندوە: هیچ رێنماییەكمان لەلایەن داراییەوە بۆ نەهاتووە سەبارەت بەوەرگرتنەوەی پێشینەكان لەفەرمانبەران، تەنیا ئەوە هەیە كە هاوڵاتیان وردە وردە پێشینەكان بگەڕێننەوە، باسی موچەخۆری تێدا نییە.
هەر لەوبارەیەوە، خالید قادر بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوونی سلێمانی یەك رایگەیاندوە: وەرگرتنەوەی قەرزی نیشتەجێبوون لەفەرمانبەران  لەمانگی 9ی ساڵی 2015ەوە تائێستا راگیراوەو لێیان وەرناگیرێتەوە، تەنیا لەو كەسانە وەردەگیرێتەوە كە وەك هاووڵاتی قەرزەكەیان وەرگرتووە.
وتیشی: "هیچ بڕیارێكی نوێمان بەدەستنەگەیشتووە لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی نیشتەجێبوون لەفەرمانبەران".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group