حزبیكی نوێ لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا

09/09/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە لایەنگر و هەوادارانی، بزوتنەوەی دیموكراسی و دادپەروەری لەژێر دروشمی "یەكڕیزی، دیموكراسی و دادپەروەری" لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا.
شوكر خەیات رۆمی سەرپەرشتیاری گشتی بزوتنەوەكە لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەشاری هەولێر، دامەزراندنی بزوتنەوە نوێیەكەیانی راگەیاند و وتی "بزوتنەوەیەكی نوێی سیاسییە و بەرهەمی خوێندنەوەیەكی سیاسی و فیكریەو پێداویستیەكی گرنگە بۆ ئێستای كۆمەڵگا و كاردانەوەیەكی فیكری و سیاسی نییە، سنورەكانی ناوچەگەرێتی تێدەپەڕێنێت لەپێناو بەدیهێنانی نەریتێكی سەردەمییانەو پڕۆژەیەكی پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوازی بیروبۆچوون و پاشخانی سیاسییە و ئەم شەپۆلەش لەئەنجامی كارو چالاكی پڕۆژەیەك سەریهەڵداوە نەك وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هیچ لایەنێكی سیاسی و باوەڕمان بە سڕینەوەی یەكتر نییە".
وتیشی "بزوتنەوەكەمان كێبڕكێ دەكات و جیاوازی بیروڕا دەخاتەڕو، وەڵامی هەموو رەخنەو هێرشەكان دەداتەوە دوور لە رق و كینە دروستكردن، بەوپەڕی توانای خۆمانەوە توانیمان بەشداری بكەین لەسەرلەنوێ نۆژەنكردنەوەی بزوتنەوەی دیموكراسی و دادپەوەری و دەبینە لانكەی سەرجەم بیروڕا جیاوازەكانی وەك ئایین، رەگەز، نەتەوە و هەموو جیاوازییەكان رەنگدەداتەوە".
شوكر خەیات لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەئایندەیەكی نزیكدا زەمینەسازی دەكەن بۆ بەستنی یەكەم كۆنگرەی بزوتنەوەكەیان لەرۆژی 20-11-2019و وەك پێویستییەك دەستیانكردوە بەخەباتی مەدەنییانە و خاوەن بنەمایەكی سیاسیین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group