جەنەراڵ مۆتۆرز سێ ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبیل كۆدەكاتەوە

11/09/2019 جیهان

نەوا
كۆمپانیای زەبەلاحی بواری ئۆتۆمبیل جەنەراڵ مۆتۆرز، بە هۆی كێشە لە سیستمی برێكدا، سێ ملیۆن و 400 هەزار بارهەڵگری بچووك و ئۆتۆمبیلی بەرزی داواكردەوە.
لە راگەیەنراوێكدا، كە لەلایەن كۆمپانیاكەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە بە ‌هۆی ئەو كێشەیەی كە لەسیستمی وەستان (برێك)ی هەریەك لە شۆڤرلێت سلڤرادۆ، جی ئێم سی سیێرا 1500، 2500، 3500 و بارهەڵگرە بچووكەكان لە مۆدێلەكانی 2014-2018دا، كادیلاك ئێسكالەیدی مۆدێل 2015-2017داو جی ئێم سی یوكۆن و چێڤی سۆبۆربانی 2015-2018 و تاهۆ، بە مەبەستی كۆكردنەوەیان داواكراونەتەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا باس لەوەشكراوە كۆی گشتیی سێ ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبیل بە ‌مەبەستی كۆكردنەوەیان داواكراونەتەوە.
كاربەدەستانی كۆمپانیاكە باس لەوە دەكەن، كێشەی برێكی ئۆتۆمبیلەكان، بە ‌هۆی بەرهەمهێنانی كەمی هێزی فشار لە ئەنجامی كۆنبوونی پەمپی برێكی كارەبایی سەرچاوەی گرتووەو ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی دوای برێك گرتن لەلایەن شۆفێرانەوە، ئۆتۆمبیلەكە لە دوورییەكی زیاتر لەوەی بۆی دیارییكراوە بوەستێت و مەترسی كەوتنەوەی رووداوی هاتوچۆی درووستكردووە.
جەخت لەوەشكراوەتەوە كە ئەو ئۆتۆمبیلانەی كۆدەكرێنەوە، بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەك سیستمی برێكی ئەلیكترۆنییان سەرلەنوێ بۆ چاك دەكرێتەوە.
فەرمانگەی نیشتمانیی ئەمریكا بۆ ئاسایشی هاتوچۆی رێگاوبانەكان، بە ‌هۆی ئەو سكاڵایانەی لە ‌لایەن شۆفێرانەوە بەدەستیان دەگەیشت، مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دەستی بە لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە كردبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group