"توركیا له‌ به‌ڵێنه‌كانى سه‌باره‌ت به‌پشكى ئاو بۆ عیراق په‌شیمان بوه‌ته‌وه‌"

16/09/2019 عێراق
نه‌وا
سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس ئاشكرایكرد، ده‌وڵه‌تى توركیا له‌ به‌ڵێنه‌كانى سه‌باره‌ت به‌به‌ردانه‌وه‌ى ئاو بۆ عیراق په‌شیمان بوه‌ته‌وه‌و ئه‌و شانده‌ عیراقییه‌ش، كه‌ له‌ماوه‌ى دواییدا چوه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌، پێشوازى لێنه‌كراوه‌".
ماڵپه‌ڕى سۆمه‌ریه‌نیوز له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، توركیا له‌ به‌ڵێنه‌كانى و رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ عیراق سه‌باره‌ت به‌به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى دیجله‌ و فورات په‌شیمان بوه‌ته‌وه‌.
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، شاندێكی عیراقى سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌یان كردوه‌ بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى پێشتر كراوه‌، به‌ڵام پێشوازیان لێنه‌كراوه‌و توركیا نایه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ بكات و ده‌ستكه‌وتی له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌وێت. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ پێیوایه‌ له‌ به‌رانبه‌ر دۆسێی ئاو، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسێی پارتى كرێكارانى كوردستان "په‌كه‌كه‌"ى ده‌وێت.
سه‌باره‌ت به‌و زانیاریانه‌ عه‌لى به‌درى ئه‌ندامى لیژنه‌ى كشتوكالأ و ئاو له‌ په‌رله‌مانى عیراق وتویه‌تى، شاندی عیراقى ته‌نها داواى پشكى ئاوى عیراقیان كردوه‌، كه‌ پێشتر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمارى توركیا له‌كاتى پێشوازیكردن له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ئاماژه‌ى پێدابوو، پێشوازى نه‌كردن له‌ شاندی عیراق و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كانى پێشوو جێى سه‌رسوڕمان بوو، ئه‌و دۆسیه‌یه‌، پرسێكی مرۆییه‌ و ناكرێت ئیستغلال بكرێت و وه‌ك كارتێكى سیاسى دژى عیراق به‌كاربهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group