عادل عەبدولمەهدی: عیراق لەهەنگاوی گەشەكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكانیدایە لەگەڵ چین

19/09/2019 عێراق

نەوا
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێش سەردانەكەی بۆ چین، وردەكاری سەردانەكەی بۆ هیندستان ئاشكراكرد و ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ ئەو وڵاتە رێككەوتون بۆ پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش.
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ گەیشتنی بۆ چین، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە، لەكاتی سەردانەكەیاندا بۆ ئەو وڵاتە، بۆ ماوەیەكی كەم لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان لایانداوە و لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆیان لەسەر پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەردوولا كردوە، هەروەها باس لە گرنگی سەردانی بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش كراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەوتی عیراق هەناردەی یەكەمە بۆ هیندستان و عیراق پەیوەندیەكی كۆنی بازرگانی و سیاسی و رۆشنبیری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، كە چەندین سەدەیە بەردەوامە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بەسەردانەكەی بۆ چین-یش نوسیویەتی، دەیانەوێت ئەو سەردانە هەنگاوێكی گەورە بێت لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و شاندێكی گەورەی حكومەتیش بەشدارن، ئەوەش تەنها لەبەر گرنگی چین بۆ عیراق و پێگەكەی نییە، بەڵكو عیراق لەهەنگاوی گەشەكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكانیدایە لەگەڵ چین، كە خاوەنی ئابوریەكی بەهێز و تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوە و هاوكارە لە بنیادنان و دروستكردن و گەورەترین وڵاتیشە لەڕووی دانیشتوانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group