سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بۆردومان كرا

22/09/2019 عێراق

نەوا
سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی لە خۆرئاوای ئەنبار لەلایەن فڕۆكەیەكی نەناسراوەوە بۆردومان كرا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و مادیی لێنەكەوتوەتەوە، تائێستاش دیار نییە كێ لەپشت ئەو هێرشەوەیە.
قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی لە ئەنبار رایگەیاندوە، درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆكەخانەی (موڕەسەنات) لە خۆرئاوای ئەنبار، كە حەشدی شەعبی وەكو سەربازگە بەكاریدەهێنێت، روبەڕوی بۆردومان بۆتەوە، بەڵام هێرشەكە دەرەوەی فڕۆكەخانەكەی گرتوەتەوە، بۆیە هیچ زیانێكی گیانی و مادیی لێنەكەوتوەتەوە.
فەرماندەكەی حەشدی شەعبی زانیاریی لەسەر ئەو لایەنە نەبوو، كە لە پشت هێرشەكەوەیە و وتی "نازانین هێرشەكە لەسنورەكانی عیراقەوە ئەنجامدراوە یان لە دەرەوە".
لەماوەی رابردوودا ژمارەیەك لە كۆگای چەك و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆكەی بیفڕۆكەوانی نەناسراو كرابوونە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك ئەندامی حەشدی شەعبی كوژران و برینداربون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group