سزای بكوژی خێزانە پێنج كەسییەكەی رۆژئاوای كوردستان چی دەبێت؟

04/10/2019

نەوا
پاش دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی پێنج ئەندامی خێزانێكی رۆژئاوای كوردستان لە گوندێكی سنوری پارێزگای هەولێر، فرسەت سۆفی پارێزگار رایگەیاند، بە توندترین شێواز تاوانباری سەرەكی روداوەكە سزادەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە 3-10-2019 هەواڵی كوژرانی خێزانێكی پەنابەری رۆژئاوای كوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر بڵاوبۆوە و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشیش دەستبەجێ لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد.
لەوبارەیەوە رۆژی هەینی 4-10-2019 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردوە، لە نزیك گوندی (پیرڕە‌ش)ی شاری هەولێر، تەرمی ژن و پیاوێك و سێ منداڵ، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە دۆزراونەتەوە، كە بە گوللـە كوژرابون. دوای لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی "بەڵگەی تاوان" لەلایەن تیمە تایبەتەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە، توانرا تاوانبارەكە‌ دەستنیشان بكرێت و لە ماوەیەكی كەمدا دەستگیربكرێت.
هەروەها رونیكردوەتەوە، كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان و دانپێدانانی تاوانباری دەستگیركراو (ف.ك.ر)، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2-10-2019 تەواوی ئەندامانی خێزانێكی پێنج كەسی كوشتوە، كە پێكهاتون لە باوك و دایكێك و سێ لە منداڵەكانیان، كە ئەو خێزانە كوردی رۆژئاوای كوردستانن و نیشتەجێی گوندی پیرڕەشی شاری هەولێر بون.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە، تاوانبارەكە سەرەتا سەرۆكی خێزانەكە بەناوی (بەسام حسێن رەسول)ی بە گوللـە كوشتوە، دواتر هاوژینەكەی بەناوی (سوالین محەمەد نەزیر) كوشتوە، پاشان هەر سێ منداڵەكانیان بەناوەكانی (حسێن 11 ساڵ، روشكا 7 ساڵ و محەمەد 5 ساڵ) كوشتوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندوە، لێكۆڵینەوەكان لەو تاوانە بەردەوامە و لەئایندەیەكی نزیكدا زانیاری زیاتر دەخاتەڕو.
لەو چوارچێوەیەشدا فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە پاش بەسەركردنەوەی خانەوادەی قوربانییەكان، بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەو تاوانە، تاوانێكی گەورەیە و خانەوادەكەیان دڵنیادەكەینەوە تاوانبار دەگاتە سزای یاسایی خۆی و توندترین سزای یاسایی بەسەردا دەسەپێندرێت.
 سوپاسی ئاسایش و پۆلیسی هەولێریشی كردو وتی "لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە و ئەوەی گرنگە ئەوەیە تاوانبار دەستگیركراوە و دانیناوە بە تاوانەكەیدا، ئەوەی بەرامبەر ئەو قوربانیانە كراوە، بەرامبەر بە ئێمە كراوە. ئەوان میوان نین و خاوەن ماڵن، لەبەرئەوە دڵنیایان دەكەینەوە كە لەگەڵ برایانمان لە هێزە ئەمنییەكان لەسەر خەت دەبین و هەموو رێكارەكان دەگرینەبەر".
 لەلایەن خۆیەوە عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی "بە ماوەیەكی كەم توانیمان تاوانباری سەرەكی دەستگیربكەین و چەند كەسێكی دیكەش دەستگیركراون و دەدرێنە دادگا و قورسترین سزاشیان لەسەری جێبەجێدەكرێت، دادگاش بڕیاری لەسەر دەدات".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group