ئەردۆغان: ئەمریكا پابەندنەبێت بە بەڵێنەكانیەوە پرۆسەی سەربازی دەستپێدەكاتەوە

22/10/2019 جیهان

نەوا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، ئەگەر ئەمریكا پابەندنەبێت بە بەڵێنەكانیەوە بەرانبەر ئەنقەرە، ئەوا پرۆسەی سەربازیی "كانی ئاشتی" لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا دەستپێدەكەنەوە.
ئەردۆغان لەوتەیەكدا پێش بەڕێكەوتنی بۆ روسیا وتی، لەگەڵ مۆسكۆ لەسەر هەنگاوە پێویستەكانی كۆتاییهێنان بە بونی چەكدارە كوردەكان لەو ناوچانەی سوپای سوریای تێدایە، قسە دەكەن.
وتیشی، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەداهاتوی سوریادا جێیان نابێتەوەو (بەوتەی خۆی) هیوای ئەوە دەخوازن لەگەڵ روسیا ناوچەكە لە تیرۆر و بیرۆكەی جیابونەوە رزگار بكەن.
سەبارەت بەهەڵوێستی فەرەنسا لەسەر پرۆسە سەربازیەكەی توركیاش، وتی، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا هیچ داواكاریەكی بۆ كۆتاییهێنان بەپرۆسە سەربازیەكە پێشكەش نەكردوە، بەڵكو هەمیشە لەگەڵ چەكدارە كوردەكان لەوبارەیەوە قسە دەكات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆش لەگەڵ گەیشتنی بە روسیا، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبۆوە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و دۆخی ناوچەكە و سوریا تاووتوێ دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group