لە 24 كاتژمێردا 220 موشەك لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل كراوە

13/11/2019 جیهان

نەوا
سوپای ئیسرائیل بڵاویكردوە، لە بەیانی دوێنێوە تا ئەمڕۆ، 220 موشەك لە كەرتی غەززەی فەڵەستینەوە گیراوەتە ناوچە نزیكەكانی نێو خاكی ئیسرائیل و سیستمی بەرگری موشەكیی "كڵاوەی ئاسنین" بەرپەرچی 90%یانی داوەتەوەو ئەوانی دیكە لەناوچە كراوەكاندا كەوتونەتەخوارەوە.
لەوبارەیەوە ئەفخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، لە بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممەوە 220 موشەك لە كەرتی غەززەوە گیراونەتە ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشداوە، 90%ی موشەكەكان لەلایەن "كڵاوەی ئاسنین"ەوە بەرپەرچدراونەتەوە، ئەوانی دیكەش كەوتونەتە خوارەوە.
بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەك هێزە ئیسلامییەكانی فەڵەستین وەك وەڵامدانەوەی كوشتنی سەركردەیەكی جیهادی ئیسلامی، بەردەوام موشەكبارانی ئیسرائیل دەكەن و بارودۆخی نائاسایی لەناوچەكەدا راگەیەندراوە.
سەبارەت بە قوربانیەكانی گرژیەكانی ناوچەكە، سەرایای قودس باڵی سەربازیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی رایگەیاندوە، تائێستا 12 كەس كوژراون.
لای خۆیشیەوە كەناڵەكانی ئیسرائیل باس لەوەدەكەن 41 ئیسرائیلی برینداربون، كە 23یان برینداری مامناوەند و 18یان توشی ترس و دڵەڕاوكێ‌ بون و برینی 5 كەسیش سەختە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group