تارق حەرب: حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات

07/12/2019 عێراق

نەوا

شارەزایەكی یاسایی تەئكیددەكاتەوە، ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 لە حكومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێكی یاساییە، ئەگەر حكومەت كاربەرێكەریش بێت.
تارق حەرب شارەزای یاسایی بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاندووە، ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2020 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لایەن حكومەتەوە، بڕیارێكی تەواو یاساییە، ئەگەر حكومەت كاربەڕێكەریش بێت.
راشیگەیاند: حكومەتی كاربەڕێكەر لەسەرێتی ئەو كارانەی كە ماون جێبەجێیان بكات و دوایان نەخات  بۆ حكومەتی نوێ، وتیشی: بە پێی یاسا بێجگە لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی دەتوانێت، پڕۆژە یاساكانی تر دوابخات بۆ ئەوەی حكومەتی نوێی ئەنجامی بدات و بینێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
 وتیشی: پڕۆژە یاسای بودجە، راستەوخۆ پەیوەندی بە قوت و ژیانی خەڵكەوە هەیەو زۆر گرنگە بۆیە نابێت دوابخرێت، چونكە بۆی هەیە پڕۆژەكە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ دەستكاریكردن و دواتر بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو كات زۆر دوادەكەوێت.
 ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژە یاسای بودجە بە جیا لەگەڵ هەموو یاساكانی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك دوابخرێت و حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت ئامادەی بكات و بینێرێت بۆ نوێنەران بۆ پەسەندكردنی.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق رایگەیاندبوو، حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتەكانی سنوردارە و ناتوانێت بودجە پێشكەش بە پەرلەمان بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group