ئێران، هاووڵاتیان لە گەشتكردن بۆ ئەمریكا ئاگاداردەكاتەوە

11/12/2019 جیهان

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی و دەڵێت، رەنگە لەكاتی سەردانكردنیان بۆ ئەمریكا دوچاری دەستگیركردن و دۆخی نامرۆیی ببنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەكی لەبارەی گەشت و سەردانی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی بۆ ئەمریكا دەركرد، رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتیانی ئێران بە گشتی و بە تایبەتیش كەسانی دەستەبژێر و زانایان لە سەردانكردن بۆ ئەمریكا ئاگادار بن، تەنانەت ئەگەر بانگهێشت كرابن بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسە زانستییەكان و بۆی هەیە دووچاری هەڵمەتی دەستگیركردنی دەمارگیرانە و بارودۆخی نامرۆیی ببنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، هۆكاری هۆشدارییەكە دەگەڕێتەوە بۆ یاسا زۆردارانەكانی ئەمریكا و بیانووە ئەمنییەكانیان دژ بە ئێرانییەكان و بەتایبەت زانایانی ئێرانی.
ئەم هۆشدارییەی ئێران بۆ هاووڵاتیان و زانایانی وڵاتەكەی دوای ئەوە دێت، كە ئەمریكا و ئێران چەند بەندكراوێك لەنێوانیاندایە، هەفتەی رابردووش بە نێوەندگیریی سویسرا هەردوو وڵات رێككەوتن بۆ ئاڵوگۆڕپێكردنی دوو بەندكراوی یەكتری، كە یەكێكیان مەسعود سولەیمانی زانای ئێرانی بوو و نزیكەی 14 مانگ لەمەوپێش لەكاتی بەشدارییكردنی لە كۆنفرانسێكدا لە ئەمریكا دەستگیركرابوو، بەندكراوەكەی دیكەش هاووڵاتیەكی ئەمریكی بوو، كە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیكردن دەستگیری كردبوو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group