نه‌وا
مۆرگان ئۆتاگۆس وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌ڵێت، ئاماده‌ین بۆچونى وڵاتانى جیهان دژى ئه‌و كوشتنه به‌رنامه‌بۆداڕێژراوه‌ی له عیراقدا دژى چالاكوانان روده‌دات، كۆبكه‌ینه‌وه و له‌ڕوى دیپلۆماسییه‌وه به‌رده‌وام گوشار دروست بكه‌ین.
مۆرگان ئۆتاگۆس له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى حوره ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، كاتێك خه‌ڵك خۆپیشاندانى ئاشتیانه ده‌كات، ئه‌مریكا بڕوای به ئازادى و مافه‌كانیان هه‌یه، بۆیه پێویسته ده‌وڵه‌تان رێگه به‌خۆپیشانده‌ران بده‌ن به‌ئازادانه بۆچونه‌كانى خۆیان ده‌رببڕن، چونكه داواكاری ئه‌وان حكومه‌تێكى شه‌فافه، بۆیه پشتگیرى سه‌رجه‌م دانیشتوانی جیهان به‌خه‌ڵكى عیراقیشه‌وه ده‌كه‌ن، كه ده‌یانه‌وێت لێپرسینه‌وه له حكومه‌ته‌كانیان بكه‌ن.
وتیشى "ده‌مانه‌وێت حكومه‌ته‌كان چاكسازى بكه‌ن و به‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ن و روبه‌ڕوى لێپرسینه‌وه ببنه‌وه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پشتگیرى ئه‌و خۆپیشاندانه ئاشتیانه ده‌كه‌ین، كه ده‌یانه‌وێت بارودۆخى ژیانیان باشتر بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌كوشتنى خۆپیشانده‌ران و چالاكوانان له عیراقیشدا، وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا باسى له‌وه‌كردوه، واشنتۆن ناتوانێت هه‌میشه ئاسایشى خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كى ته‌واو بپارێزێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وروپیه‌كان و ده‌وڵه‌ته دیموكراسییه‌كانى دیكه‌ی سه‌رتاسه‌رى جیهان كارده‌كه‌ن و كۆیان ده‌كه‌نه‌وه و داواى لێپرسینه‌وه له‌و گروپانه ده‌كه‌ن، كه خۆپیشانده‌ران ده‌كوژن و له‌رێگه‌ى دیپلۆماسییه‌وه به‌رده‌وام ده‌بن له‌دروستكردنى گوشار.