پرۆژه‌یاسای چاكسازی گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی كوردستان

12/12/2019

نه‌وا
پرۆژەیاسای چاكسازی گەیشتە پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت "پابەندی ئەركە یاساییەكانمان دەبین بۆ پەسەندكردنی بە باشترین شێوە و لە بەرژەوەندیی خەڵك".
لە هەواڵێكیدا ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، پرۆژەیاسای چاكسازیی گەیاندۆتە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
لە هەواڵەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كە بڕیارە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامان بكات بۆ دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكە، بێ ئەوەی هیچ كاتێكی بۆ ئەو دانیشتنە دیاریكردبێت.
لای خۆیەوە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە تویتەرەوە نوسیوێتی "پرۆژەیاسای چاكسازی گەیشتە پەرلەمان، ئێمەش لە پەرلەمان پابەندی ئەركە یاساییەكانمان دەبین بۆ پەسندكردنی بە باشترین شێوە و لە بەرژەوەندی خەڵك".
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای چاكسازیی پەسندكرد، دوای ئەوەی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە پرۆژەیاساكەدا كارەكانی تەواوكرد.
لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژەیاسای چاكسازی لە موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و خانەنشینان پەسندكرا، بەڵام بەهۆی بوونی رەخنە لە پرۆژەكە، بەتایبەت موچە و خانەنشینیی پلە باڵاكان، یاساكە گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت بۆئەوەی هەمواری بكەنەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group