یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق واز له‌ حزبی ده‌عوه‌ و ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌هێنێت

14/12/2019 عێراق

نه‌وا
محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی وه‌زیری پێشووی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عیراق، كه‌ ناوی وه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوی عیراق ده‌هێنرێت، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌ حزبی ده‌عوه‌ كشاوه‌ته‌وه‌.
محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی، كه‌ ئێستا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقه‌، له‌ په‌یامێكیدا رایگه‌یاندوه‌، له‌ حزبی ده‌عوه‌ و ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا كشاوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سودانی له‌كاتێكدایه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت ناوبراو كاندیدی هاوبه‌شی هاوپه‌یمانێتیی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری و سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالكی-یه‌. 
له‌كاتێكدا، كه‌ محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی له‌ حزبی ده‌عوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی كشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌نگۆكان ده‌رباره‌ی كاندیدبونی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق تادێت زیاترده‌بن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا خۆپیشانده‌رانی پارێزگاكانی عیراق داواده‌كه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتو ده‌بێت سه‌ربه‌ هیچ پارتێكی سیاسیی نه‌بێت.
هه‌روه‌ها موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در پێشتر دووجار هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی كاندیدكردنی سودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران راگه‌یاندوه‌ و دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group