گەنجترین سەرۆك وەزیرانی جیهان: من نمونەی باڵا نیم

14/12/2019 جیهان

نەوا
سانا مارین گەنجترین سەرۆك وەزیرانی فینلەندا و جیهان، دوپاتیدەكاتەوە كە نمونەی باڵا نییە، رەخنەی لە نەوەیەی پێش خۆیشی دەگرێت بەوەی گرنگیی زۆریان بە پرسی گۆڕانی كەشوهەوا نەداوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو سانا مارین، كە تەمەنی تەنها 34 ساڵە، بە سەرۆك وەزیرانی فینلەندا هەڵبژێردرا و سەرۆكایەتیی كابینەی حكومەتێك دەكات، كە لە 19 وەزیر پێكهاتوە و 13-یان ژنن، تەنها دوای دوو رۆژ لە هەڵبژاردنی و بوون بە گەنجترین سەرۆك وەزیرانی جیهان، هاوشانی هەریەكە لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بەشداریی لە لوتكەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپاشدا كرد.
لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانە گەنجەكەی فینلەندا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز وتویەتی "هەست ناكەم نمونەی باڵا بم، بۆی هەیە بۆ هەندێك كەس وا بم، بەڵام دواجار هەموومان مرۆڤین و هەموو تاكێكیش گرنگە، گرنگترین شتیش ئەو پرسانەن كە كاریان لەسەر دەكەین، نەك ئەو كەسانەی لە پشت پرسەكانەوەن".
مارین دوپاتیكردەوە، لە نزیكەوە لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكان كاردەكات، بەوپێیەی بەیەكەوە بەهێزن و كەسیان بە تەنیا ناتوانن چارەسەرەكان بدۆزنەوە.
ئاشكراشیكردووە، زۆر گرنگی بە پرسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا دەدات، لەكاتێكدا پێی وایە نەوەی پێش ئەو گرنگیی تەواوی بەو پرسە نەداوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group