داوا دەكرێت بودجەی ماوە لە خانەنشیانی پلە باڵاكان دەرچوانی پێ دابمەزرێت

19/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە نزیكەی شەش ساڵە حكومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان داخستوە و لەئێستادا كە بارودۆخەكە ئاسایی بۆتەوە، ئەو دەرچوانە داوای دامەزراندن و رەخساندنی هەلی كار دەكەن، سەرۆكی رێكخراوێكی تایبەت بە گەنجانیش دەڵێت "دەبێت پلان بۆ داواكاریەكان هەبێت و حكومەتیش بە جدی كاری لەسەربكات".
ئاسۆ بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو لە سلێمانی لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "وەك دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان زیاتر لە هەشت ساڵە دانمان بە خۆماندا گرتوە ئەوەش بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە بوە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گونجاوە و دەبێت حكومەتی هەرێم كاربكات بۆ دامەزراندنمان".

 

لەئێستادا كە پرۆژەیاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەنگی لەسەر دراوە و ئاراستەی سەرۆكی هەرێم دەكرێت، داوا دەكرێت ئەو بودجەیەی لە خانەنشینی پلە باڵاكان دەمێنێتەوە ئەو دەرچوانەی پێدابمەزرێنرێت، ئاسۆ بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو لە سلێمانی وتی "ئەو بودجەیەی دەمێنێتەوە دەبێت بزانین بۆ كوێ دەچێت و پلان هەبێت كە دەرچوەكان دابمەزرێنن، بەپێی زانیاریەكان دەتوانرێت مانگی 500 هەزار دینار بە هەر دەرچویەك بدرێت وەك موچە".  

سەرۆكی رێكخراوێكی تایبەت بە گەنجانیش دەڵێت "دەبێت پلان بۆ داواكاریەكان هەبێت و حكومەتیش بە جدی كاری لەسەربكات".

بێلان عەبدوڵڵا سەرۆكی رێكخراوی ئەنجومەنی گەنجانی كوردستان بۆ بەرنامەی شەقام وتی "لە كابینەكانی پێشتریش بەهۆی نەبونی ئەزمونەوە یاخود ئەو كەسایەتیانەی هەبوون نوێنەرایەتییان نەكردوە، لەئێستادا دەبێت پلان هەبێت بۆ داواكاریەكان و چۆن داوای مافی خۆمان بكەین و هەروەها حكومەتیش دەبێت بە جدی وەڵامی هەبێت كاری لەسەربكات". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group