وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لە دەرماندا گرفتمان بۆ دروستبوە

20/01/2020 جیهان

نەوا
ئێران هەڕەشەی هەنگاوی "بەهێز و جیاواز" دەكات، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا كاردانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی نەبێت، هەروەك هۆشدارییدەدات، كە هەنگاوی پێنجەمی كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە دوا هەنگاو دەبێت بۆ كشانەوە لە رێككەوتنەكە.
عەباس موسەوی وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران بەهۆی پابەندنەبوونی لایەنەكانی دیكەوە بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە، پابەندییەكانی بە رێككەوتنەكە كەمكردۆتەوە، ئەگەر نا، ئێران ئامادەیە پابەند ببێت بە رێككەوتنی ئەتۆمی.
وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئێران داواشی لە وڵاتانی ئەوروپا كرد تەنها قسە نەكەن، بەڵكو كرداریش ئەنجام بدەن بە ئاراستەی رزگاركردنی رێككەوتنی ئەتۆمی.
ئێران تا ئێستا بە چوار هەنگاو پابەندییەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە كەمكردۆتەوە، لەو بارەیەوە موسەوی وتی، هەنگاوی پێنجەمی ئێران بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكان دوا هەنگاو دەبێت، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپاش كاردانەوەیان نەبێت، ئەوكات هەنگاوی "بەهێز و جیاواز" دەنێین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دانەخراوە، هیواشی خواست ئەوروپییەكان نەچنە ژێر باری فشارەكانی ئەمریكا.
عەباس موسەوی لەبارەی كەمیی دەرمان لە ئێراندا قسەیكرد و نەیشاردەوە، كە پێویستیان بەوەیە دەرمان لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە بكەن، ئەوەش كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران دەردەخات لەسەر كەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە.
ئەمریكا لە ناوەراستی ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە، بەو پێیەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا پێی وایە رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە، داوا دەكات رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ بكرێت، لە بەرامبەردا ئێران بە چەند هەنگاوێك پابەندییەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە كەمكردۆتەوە، بۆیە ئەمریكا بە چەند قۆناغێك سزای جیاوازی بەسەر ئێراندا سەپاند.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group