"رێككه‌وتنه‌كانى عیراق و چین له‌ گرێبه‌سته‌ 50 ساڵییه‌كه‌ى هه‌رێم شه‌فافتره‌"

20/01/2020 عێراق

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی عیراق جه‌ختده‌كاته‌وه‌، رێككه‌وتنه‌كانی به‌غدا و چین له‌ گرێبه‌سته‌ 50 ساڵییه‌كه‌ی هه‌رێم و توركیا شه‌فافتره‌.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌ندامى په‌رله‌مانی عیراق له‌به‌رنامه‌ى "ئاراسته‌"ى رادیۆ نه‌وادا سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌ست یان رێككه‌وتنه‌كانى نێوان چین و عیراق وتى "په‌رله‌مانى عیراق گفتوگۆى له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ نه‌كردوه‌ و هه‌ردوو لیژنه‌كانى دارایى و ئابورییش ئاگادارنین، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ گرێبه‌سته‌ 50 ساڵییه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و توركیا شه‌فافتره‌، چونكه‌ ئه‌وه‌تا په‌رله‌مان ده‌نگى لێبه‌رزبۆته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندنین به‌و رێككه‌وتنانه‌".
وتیشى "هاتنه‌پێشه‌وه‌ى چین به‌و ره‌هاییه‌ جێى گومانه‌، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌و شه‌ڕه‌ ئابورییه‌ى چین به‌ره‌و لوتكه‌ى ئابورى ده‌بات".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ شه‌ماڵ نورى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سه‌ندیكاى ئابوریناسانى كوردستان، وتى "وه‌ك ئابوریناسێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم عیراق بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ژمونى چین-ه‌وه‌، كه‌ به‌هه‌موو هه‌وڵێك ده‌یه‌وێت ئه‌م ناوچه‌یه‌ داگیربكات، هه‌روه‌ها عیراق ده‌كه‌وێته‌ ناو ململانێى چین و روسیا له‌لایه‌ك و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌".
وتیشى "فرۆشتنى وڵات به‌م گرێبه‌سته‌ گه‌وره‌ و له‌مكاته‌ هه‌ستیاره‌دا، كه‌ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ نین و تواناى كێبڕكێمان له‌گه‌ڵ چین نییه‌، هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌یه‌ و زیانى گه‌وره‌ى ده‌بێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group