پێنتاگۆن: كورد و سوننە داوای مانەوەی ئەمریكا دەكەن

25/01/2020 عێراق

نەوا
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت "كورد و سوننە داوایانكردووە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا بمێننەوە". دەشڵێت "ئەمریكا سیستمی بەرگریی موشەكیی پاتریۆت دەباتە عیراق".
جۆناسان هۆفمان وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پێنتاگۆن" لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، نوێنەرانی كورد و سوننەكان داوایان كردوە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا بمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێشتا ئەركی هێزە ئەمریكییەكان لە شەڕی دژی داعش كۆتایی نەهاتوە و عیراق بۆ ئەو شەڕە پێویستی بە ئەمریكا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی هەیە.
وتەبێژەكە راشیگەیاند، واشنتۆن سیستمی بەرگریی مووشەكیی پاتریۆت لە چەند شوێنێك لە عیراق دادەمەزرێنێت، سوپای ئەمریكاش شوێنی دانانی ئەو سیستمە دەستنیشاندەكات.
هەر لەو پرێس كۆنفرانسەدا ئاشكرایكرد، لە هێرشەكەی ئێراندا بۆسەر بنكەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد لە عیراق، 34 سەربازی ئەمریكی برینداربون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group