ئەو تیم و یاریزانانەی بەهۆی تێكشكانی فڕۆكەوە ماڵئاواییان لە جیهان كرد

27/01/2020 وەرزش

نەوا
رۆژی یەكشەممە 26-1-2020 جیهان بە هەواڵی گیان لەدەستدانی كۆبی براینت یەكێك لە ئەفسانەكانی تۆپی باسكەی جیهان و ئەمریكا توشی شۆك بو، ئەو روداوە مێژووی روداوە كارەساتبارەكانی گیان لەدەستدانی یاریزانانی بەبیرهێناینەوە، كە بەهۆی تێكشكانی فڕۆكە و هێلیكۆپتەرەوە ژیانیان لەدەستداوە.

 ئەچینەوە بۆ مێژوو، لە ساڵی 1949 فڕۆكەی یانەی تۆرینۆی ئیتاڵی كەوتە خوارەوە و 23 یاریزانی یانەكە پێكەوە گیانیان لەدەستدا.
پاشان لە ساڵی 1958 یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی فڕۆكەكەیان كەوتە خوارەوە و 8 یاریزان و 3 ئەندامی ستافی راهێنەرایەتی گیانیان لەدەستدا، فڕۆكەكەشیان لە نزیك میونشنی ئەڵمانیا كەوتە خوارەوە.

تەنها دوو ساڵ لە پاش ئەو كارەساتە، جیهان گوێبیستی هەواڵی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی دانیمارك بو، كە 8 یاریزانیان بەهۆی روداوەكەوە ژیانیان لەدەستدا. روداوەكەش لەسەر ئاسمانی شاری كۆپنهاگنی پایتەختی وڵاتەكە بوە.
پاشان لە مانگی 4ی ساڵی 1961 فڕۆكەی یانەی گرین كروسی چیللی لە شاری ییكۆی وڵاتەكە كەوتەخوارەوە و هەشت یاریزانی تیمی یەكەم گیانی لەدەستدا.
دەچینە مانگی سێپتەمبەری ساڵی 1969 و فڕۆكەی یاریزانانی تیمی "زە سترۆنگست"ی پۆلیڤی لەنزیك شاری فیلوكۆی وڵاتەكەیان كەوتەخوارەوە و 16 یاریزان و 3 ئەندامی دەستەی راهێنەرایەتی ژیانیان كۆتاییهات.
لە ئۆزبەكستان و بە دیاریكراوی لە ساڵی 1979 تیمی یانەی باختاكۆر فڕۆكەكەیان لە شاری دنیبرۆ تێكشكا و 17 یاریزانی تیمی یەكەمی تۆپی پێ-یان كۆچی دواییان كرد.
لە ساڵی 1987یش فڕۆكەكەی یانەی ئەلیانزا لیمای پۆلیڤی لە نزیك شاری لیمای پایتەخت كەوتەخوارەوە و 14 یاریزان گیانیان لەدەستدا.
تەنها دوو ساڵ دواتر یانەی كلۆرفولی هۆڵەندی لە سورینام توشی كارەسات بون و فڕۆكەكەیان بە تێكشكاوی دۆزرایەوە و 15 یاریزانی گیانیان لەدەستدابو.
گەیشتینە ساڵی 1993 و لەو ساڵەدا فڕۆكەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی زامبیا توشی كارەسات بو، كە بەهۆی تێكشكانیەوە 22 یاریزان مردن، تەرمەكانیان كەوتە ناو ئاوی گابۆنەوە لە زەریای ئەتڵەسی.


ساڵی 2016ەش وێستگەیەكی دیكەی كارەساتبار بو بۆ تۆپی پێ، كە لەو ساڵەدا فڕۆكەی یانەی شابیكوێنسی بەرازیلی بە 21 یاریزان و 8 ئەندامی ستافی راهێنەرایەتییەوە كەوتەخوارەوە و نەهامەتی رووی لە تۆپی پێی ئەو وڵاتە كرد.
سەرەتای ساڵی 2019ەش بە غەمباری بۆ تۆپی پێ دەستیپێكرد، كە ئەویش پەیوەندی بە تێكشكانی فڕۆكەیەكەوە هەبو، كە ئیمیلیانۆ سالای یاریزانی ئەرجەنتینی دەگواستەوە و كەوتە ناو دەریای مانش لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا و دەیویست بچێت گرێبەست لەگەڵ یانەی كاردیف سیتی وێڵزی واژۆ بكات.

گیان لەدەستدانی كۆبی براینت و كچەكەی و ئەو 7 كەسەی لەگەڵیدا بون، دوا زنجیرەی ئەو كارەساتانەیە، كە ماوە ماوە بەرۆكی وەرزشی جیهانی دەگرێت و كاتێك یاریزانان و وەرزشكاران گەشتێك دەكەن و پاشان ناگەڕێنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group