لەمەودوا هیچ عیراقییەك بۆی نییە بچێتە توركیا

04/03/2020 عێراق
نەوا
دەلال ریاز بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عیراق لە شاری ئیستانبوڵی توركیا ئاشكرایكرد، بەهۆی دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رێگە بەهیچ هاووڵاتییەكی عیراقی نادرێت بچێتە خاكی توركیاوە.
دەلال ریاز بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی وتوە، بڕیاری قەدەغەكرنی چونە ناو توركیاوە بەسەر هەموو عیراقییەكاندا جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڕێوەبەری پرۆسەكانی هێڵی ئاسمانیی عیراق لە شاری ئیستانبوڵ ئیمەیڵێكی لە ئیدارەی فڕۆكەوانیی توركیاوە بەدەستگەیشتوە و تێیدا هاتوە "رێگە بەهیچ گەشتیارێكی عیراقی نادرێت بچێتە فڕۆكەخانەكانی توركیاوە جا لە عیراقەوە بێت یاخود ئوردنەوە گەشتی كردبێت، لەئێستاشدا وەك ئێران و كۆریای باشور و ئیتاڵیا تەماشای عیراقیش دەكرێت، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراقدا بە هەمانشێوە بڵاوبۆتەوە".
ئەوەشی باسكردوە، لەئێستادا سەرقاڵی ئەوەن بەپێی رێنماییەكانی وەزیری گواستنەوە و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بازرگانی، عیراقییەكانی توركیا بگەڕێننەوە، بۆئەوەش سێ‌ فڕۆكە دابینكراون و داوای فڕۆكەی چوارەمیش كراوە و فڕۆكەكانیش لەشاری ئیستانبوڵەوە بۆ نەجەف، بەسڕە، بەغدا و هەولێر دەچن، هەروەها فڕۆكەی دیكە و گەشتی دیكەش لە ئەنتاڵیا و ئەنقەرەوە بۆ عیراق هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، فڕۆكەكان لە عیراقەوە بە بەتاڵی دەچنە توركیا و گەشتیارانی عیراقی دەگوازنەوە، بەڵام هیچ هاووڵاتییەكی توركیا لە عیراقەوە نابەنەوە بۆ وڵاتەكەیان و هێڵی ئاسمانیی توركیا ئەو كارە جێبەجێ دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group