محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود په‌یوه‌ندی ژێربه‌ژێری حزبه‌كانی كوردستان و توركیا ئاشكراده‌كات

08/07/2020

نه‌وا
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت "هه‌موو حزبه‌ كوردییه‌كان ژێربه‌ژێر شتێكیان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌، بۆیه‌ جورئه‌ت ناكه‌ن ته‌نانه‌ت به‌یاننامه‌یه‌كیش ده‌ربكه‌ن".
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌ وتووێژێكدا سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا وتویه‌تی "حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ناو یه‌كدا ناكۆكن، هه‌ریه‌كێكیشی ژێربه‌ژێر خۆی بۆ خۆی شتێكی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌، كه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نییه‌ شتێك بكه‌ن یان قسه‌یه‌ك بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی توركیا و بۆردومانه‌كانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ بێت ئێستا سه‌دان كه‌س به‌كوشت ده‌ده‌ن له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك.. هیچ نه‌بێت به‌یانێك ده‌ربكه‌ن دژی ئه‌و كارانه‌ی توركیا، خۆ نایانگرن، به‌یانیشییان پێده‌رناكرێت؟!".
سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت "هه‌ر ئه‌م حزبه‌ كوردستانییانه‌ی عیراق ئاماده‌ن باسی ئێران بكه‌ن، ئێستا ئێران تۆپێك بته‌قێنێ بۆ باسی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی توركیا ناكه‌ن به‌ فڕۆكه‌ و به‌ سوپا به‌ناو كوردستاندا دێن؟! بۆ یه‌ك كه‌س به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رناكات و یه‌ك كه‌س قسه‌ ناكات؟! بڕۆ هه‌ر شارێكی كوردستان، له‌هه‌ر خاڵێكدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ باره‌گایه‌كی توركیای تێدایه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group