بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: سیستەمی یەك بازنەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی كوردە

03/08/2020 عێراق

نەوا
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق ئەوەی لە بەرژەوەندی كوردە یەك بازنەی هەڵبژاردنە، نەك چەندین بازنە.
خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی و  بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سایتی باسنیوزی راگەیاندووە، تائێستا لایەنە عێراقییەكان رێكنەكەوتوون لەسەر شێوازێك بۆ هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنەكانیش‌ بە ناتەواوی ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی لە بەرژەوەندی كوردە یەك بازنەی هەڵبژاردنە، نەك چەندین بازنە.
رونیشیكردۆتەوە، بەهۆی ناكۆكی لایەنە عێراقییەكان، تا ئێستاش یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، چونكە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر شێوازێكی دیاریكراو، ئەوەی لە پێشنیازی یاساكەدا هاتووە ئەوەیە هەر پارێزگایەك بەسەر چەندین بازنەدا دابەشكراوە، بەبێ ئەوەی ژمارەی بازنەكان دیاربكرێ.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ كورد گرنگە هەڵبژاردنەكانی عێراق بەیەك بازنە ئەنجام بدرێت، چونكە دەنگەكانی كورد پەرش و بڵاوە و كورد لە زۆر پارێزگای عێراقدا هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات، بەڵام ئەگەر وەك هەڵبژاردنی رابردوو بێت كە عێراق دابەشی سەر هەژدە بازنەكرابوو، ئەمە بووە هۆی كەمكردنەوەی كورسییەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراق.
خەسرەو گۆران وتویەتی، لە هەردوو هەڵبژاردنەكانی دوای 2003 ی عێراق، كورد توانی 80 كورسی بەدەست بێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە كورسییەكانی كورد بۆ 60 كورسی كەمیان كرد، ئێستا ئەوەی گرنگە بۆ كورد ئەوەیە پاڵپشتی لایەنەكان بەدەست بهێنن بۆئەوەی بتواندرێت سیستەمی یەكبازنەیی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group