كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بە رێژەی 30% رەتدەكرێتەوە

01/10/2020 عێراق

نەوا
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی عیراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوەدەكەن حكومەت هەوڵی ئەوە دەدات 30%ی موچەی بنەڕەتی كەمبكاتەوە.
ئەحمەد سەفار بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی وتوە "ئەو زانیاریانەی دزەیانكردوە و باس لەوەدەكەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێشنیاری ئەوەی كردوە موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران 30% كەمدەكرێتەوە، پەنابردن بۆ ئەو چارەسەرە دورە لەراستییەوە، بەتایبەتی كە چارەسەری دیكە هەیە و ناكرێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببردرێت".
وتیشی "دەوڵەت دەتوانێت داهات زیادبكات و هەندێك خەرجی كەمبكاتەوە، سەرەڕای داهاتی دەروازە سنورییەكان، كە پێویستە مانگانە كەمتر نەبێت لە تریلیۆنێك دینار، بەڵام تەنها 200 ملیار دینار راگەیەندراوە، كە ئەوەش تەنها 20%ی داهاتی راستەقینەیە".
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق پێداگیری دەكات لەوەی بەرپرسیارێتی ئەو هەڵە گەورەیەی تێی كەوتون لە ئەستۆی وەزارەتی داراییدایە، كە فەرمانبەران دوای 45 رۆژ موچە وەردەگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group