بۆشایی ئەمنی و پەتای كۆرۆنا بواری بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە عیراقدا خۆشكردوە

24/10/2020

نەوا
سەرەڕای نزیكەی سێ ساڵە كۆتاییهاتنی داعش لە عیراق راگەیەندراوە، بەڵام دوبارە جموجۆڵەكانی ئەو رێكخراوە و كردەوە تیرۆریستییەكانی، گۆڕەپانی سیاسیی عیراقی لە جارێكی دیكە سەرهەڵدانەوەی داعش توشی نیگەرانی كردوە.
هەواڵەكان لەسەر بنەمای كردەوەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەریدەخەن كە جارێكی دیكە ئەو رێكخراوە، بەڵام بە تاكتیكێكی جیاوازتر هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵانی 2012 تا 2014 ئەنجامی دەدا، لە عیراق دەركەوتوەتەوە و بە دانانی بۆسە و بازگەی وەهمی، خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج و هەندێكجاریش راستەوخۆ بنكە و بارەگای هێزە ئەمنییەكانی دەكاتە ئامانج.

- عەبادی كۆتایی هاتنی داعشی راگەیاندبوو

سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق لە 9ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 كۆتاییهاتنی داعشی لە رووی سەربازییەوە راگەیاند.

گوتەكانی عەبادی لەمیانی كۆنگرەیەكی میدیاییدا بوو لە دوای سێ ساڵ لە دەستپێكی شەڕی داعش ئەو موژدەیەی بە خەڵكی عیراق راگەیاند. سەرۆكوەزیران وێڕای راگەیاندنی ئەو بابەتە، دووپاتیكردەوە كە لە رووی سەربازییەوە رێكخراوی داعش لە عیراق كۆتاییهاتووە و لە هەموو عیراقدا سڕیوویانەتەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە ناكۆكییە سیاسییەكان دەرگا لەبەردەم داعشدا دەكاتەوە بۆ ئەنحامدانی كردەوەی تیرۆریستی.
ئەو هۆشدارییەی عەبادی ئاماژەبوو بۆ ئەو ناكۆكییانەی كە لە دوای ئازادكردنی عیراق لە ساڵی 2003 لە ناو پێكهاتەكانی عیراقدا بوونی هەبووە لەوانەش كورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە.

- كوشتنی بەغدادی و كاریگەرییەكانی

تەنیا یەك ساڵ بەسەر كوشتنی سەركردەی داعش ئەبوبەكر بەغدادی تێدەپەڕێت. بەغدادی لە 27ی تشرینی یەكەم لە بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكا لە ئیدلب كوژرا.
كوژرانی بەغدادی بە گورزێكی جەرگبڕ بۆ داعش لێكدەدرایەوە دوای ئەو شكستە یەك لە دوای یەكانەی كە لە عیراق و سوریا تووشی دەبوو. داعش بە دوای دیاریكردنی خەلیفەیەكی نوێ بۆ رێكخراوەكەی كە بەیعەتی هەموو ئەندامانی لە سەرانسەری سوریا و عیراقی بەدوادابێت، تا ئێستاش سەركەوتوو نەبووە و ئەوەش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم لاوازبوونی رێكخراوەكە لە رووی كاری رێكخراوەیی و توانای سەربازی و پراكتیكی، دووهەمیان بۆ ئەو هەیمەنەیە دەگەڕێتەوە كە بەغدادی بۆ سەر گرووپەكەی هەیبوو، ئەمەش وایكرد كە دیاریكردنی جێگرەوەی ئاسان نەبێت، بەڵام گریمانەكان هەر بەو ئاراستەیە نەبوو، روانگەیەكی دیكەش باسی لەوە دەكرد كە بیری توندڕەوی داعش لە ناو ئەندامانی دەتوانی كۆكەرەوەی هەموویان بێت.
داعش بۆ پاراستنی پێكهاتەی رێكخراوەیی و نیشاندانی بەهێزی خۆی، هەر زوو ناوی عەبدوڵڵا قارداش كە یەكێك بووە لە راوێژكاران و كەسانی نزیك بە بەغدادی، وەك خەلیفەی نوێی داعش راگەیاند. عەبدوڵڵا قارداش ناسراو بە ئەبو عومەر توركمانی ئەفسەرێكی پێشووی سوپای عیراق بووە و توركمانێكی سوننە مەزهەبی خەڵكی تەلەعفەرە. ئەو بەندیخانەی ئەمریكییەكانی بینیووە و بۆ ماوەیەك بە هۆی چالاكی سەربازییەوە دوای رووخانی رژێمی بەعس دەستگیر و دواتر ئازاد كراوە. باس لەوە دەكرێت لە بەندیخانەدا بەغدادی ناسیبێت و ئەو پەیوەندییە بەهێزە لە نێوانیاندا درووست بووبێت. هێزە عیراقییەكان لە ئۆپەراسیۆنێكی تەمومژاوییدا دەستگیركردنی قارداش-یان لە 27ی ئایاری ئەمساڵ راگەیاند.

- پەرسەندنی جموجۆڵەكانی داعش
لە گەرمەی بەرنامە چاكسازییەكانی كازمی بۆ عیراق و رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوە چەكدارییە توندڕەوەكان كە لە چوارچێوەی هێزەكانی دەوڵەتدا خۆیان وێنا دەكەن، جارێكی دیكە گرووپە تیرۆریستییەكانی داعش لە هەندێك ناوچە كە پێشتر كۆنترۆڵی كردبوون و لە ژێر دەستیان دەرهێنرابوو، چالاكی چەكداری دەست پێدەكەنەوە.

 


ئەوە لە كاتێكدایە كە گرفتەكانی دەوڵەتی نوێی عیراق بە پەرەسەندنی پەتای كۆرۆنا تەنگی بە سیاسەتە ئابوورییەكانی دەوڵەت هەڵچنیووە و لە پاڵ هەموو ئەوانەدا، ئەگەری سەرنەكەوتنی دەوڵەت لە پلانی سیاسی و ئابوورییەكان، كۆمەڵگای عیراق بە تایبەتی ناوچە سوننەنشین و كوردنشینەكەی بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ساڵی 2014 (ئاماژە بە بەهێزی داعش و كۆنترۆڵكردنی هەندێك ناوچە) تووشی مۆتەكە كردووە.
هەروەك پێشبینیش دەكرا، كوژرانی سەركردەی داعش بەغدادی، كاریگەری لەسەر كۆتاییهاتنی ئایدیۆلۆجیای رێكخراوەكە نەبوو.
داعش، وەك ئەوەی هەموو سەركردەكانی عیراق پێشتریش هۆشداریان لەبارەیەوە دابوو، لەگەڵ هەرچەشنە ناكۆكی و بۆشاییەك لە عیراق جموجۆڵەكانی هەستی پێدەكرێت.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، جەنەڕاڵ كینیز ماكینزی رایگەیاند هێشتا رێكخراوی تیرۆریستی داعش 10 هەزار چەكداری لە عیراق و سوریادا ماوە. ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریكا لەمیانی گوتەیەكیدا بۆ ناوەندی ئیمارات بۆ توێژینەوە، رایگەیاندبوو، جەنگ دژی پاشماوەكانی داعش هێشتا بەردەوامە و ئەوەش كاری سەرەكی ئەمریكایە لە ناوچەكە.
ماكینزی هۆشداریدا لە دووبارە گەڕانەوەی داعش لە سوریا، بەتایبەتی لە بوونی هەمان ئەو دۆخەی كە پێشتر داعشی تیاییدا بەرهەم هاتووە لەو وڵاتەدا، راشیگەیاند، داعش لەو ناوچانە چالاكە كە حكوومەت كۆنتڕۆڵی بەسەردا نییە و پێدەچێت مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا بۆ نەوەكانی داهاتووش بێت، دووپاتیشی كردەوە كە تائێستا رێكخراوی داعش گەورەترین مەترسییە بۆ ئەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنیان هەیە.

- كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەشێت بە یەكێك لەهۆكارەكانی پەرەسەندنی جموجۆڵی داعش لە عیراق لەقەڵەم بدرێت.

لە مانگی ئایارەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریكا دەستیان بە كشانەوە كرد لە هەندێك ناوچەی عیراق، زۆرترین كردەوەی داعش لە عیراق تۆمار كراوە بە شێوەیەك كە لە ماوەی هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵ، نزیك بە هەزار كردەوەی داعش لە عیراق بووە.
بە پێی ئەو داتایانە، داعش لە مانگی ئایار، واتا دەستپێكی راگەیاندنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا زۆرترین چالاكی هەبووە و 244 چالاكی ئەنجام داوە.
بە ئامانجگرتنی كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەو كەسانەی كە یارمەتی ئەو هێزانەش دەدەن، یەكێك لە تاكتیكەكانی داعش بووە لە هەندێك ناوچەی عیراق.

- كۆرۆناش هۆكاربووە بۆ پەرسەندنی جموجۆڵی داعش

بە پێی ئەو راپۆرتەی كە تیمێكی چاودێری سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان كردووە، جموجۆڵەكانی داعش بەراورد بە ساڵی پێشوو لە عیراق زیادیكردووە كە یەكێك لە هۆكارەكان بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە بووەتە هۆی بۆشاییەكی ئەمنی لە هەندێك ناوچەی عیراق، وای لە داعش كردووە توانای ئەنجامدانی چالاكی بەرز ببێتەوە، بە تایبەت لەو كاتانەی كە قەدەغەی هاتوچۆ هەبووە، داعش سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە بۆ مەشقپێكردنی ئەندامانی.
بە پێی ئەو راپۆرتە نزیك بە 10 هەزار چەكداری داعش لە عیراق و سوریا هەیە و توانای داراییان بە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

خشتەی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش بەو شێوەیە:
كانوونی دووهەم: 80 كردەوە
شوبات: 75 كردەوە
ئادار: 78 كردەوە
نیسان: 173 كردەوە
ئایار: 244 كردەوە
حوزەیران: 80 كردەوە
تەمموز: 173 كردەوە
ئاب: 67 كردەوە

- زیاد بوونی جموجۆڵی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان و نەبوونی هاوكاری پێشمەرگە و سوپای عیراق
بەپێی داتاكانی بەردەست زۆرترین جموجۆڵی داعش لەو ناوچانە بووە كە جێی ناكۆكی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندین.
دیالە و كەركووك چەقی چالاكییەكانی داعش لە ساڵی 2020 بووە كە زۆربەی ناوچەكانیان بە سنووری ماددەی 140 دەژمێردرێن و بۆشاییەك لە نێوان هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەیە.
لە ماوەی 10 مانگی رابردوو ریزبەندی زۆرترین چالاكی داعش لەو پارێزگا یان ناوچانە بەو شێوەیە تۆمار كراوە: دیالە، كەركوك، ئەنبار، باكوری بەغدا، سەڵاحەدین و دیجلە.
زۆرترین چالاكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەو ناوچانە لە مانگی ئایاردا تۆماركراوە، كە بەمشێوەیە بووە:
دیالە: 87
كەركوك: 50
ئەنبار: 20
باكووری بەغدا: 23
سەڵاحەدین: 16
دیجلە: 14
موسڵ و بە گشتی پارێزگای نەینەوا كە داعش بە پایتەختی خۆیی لە عیراق لەقەڵەمی دەدا كەمترین چالاكی رێكخراوكەی تیادا تۆمار كراوە و بە رادەیەك كە لە هەندێك مانگی ئەمساڵدا تەنانەت یەك جوڵەی داعش لەو ناوچانە هەستی پێنەكراوە.
ئەگەرچی بەرپرسانی سەربازی عیراق و پێشمەرگەش بە ئاشكرا باس لە بوونی بۆشاییەك لەو ناوچانە دەكەن كە بووەتە هۆی رمبازێنی داعش تیایاندا، بەڵام تا ئێستا ئەو بە كردەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەو دوو هێزە عیراقییە نەیانتوانیووە بگەنە ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە بۆ جێگیركردنی هێزەكانیان بە هاوبەشی لەو ناوچانە. هەرچەندە بە گوتەی بەرپرسانی عیراقی و پێشمەرگە هەردوولا خواستیان بۆ جێگیركردنی هێزەكانیان لەو شوێنانە نیشان داوە.

- ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی عیراقی
پەرەسەندنی جموجۆڵی داعش لە هەندێك ناوچەی عیراق بووە هۆی ئەوەی چەندین ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانە بەڕێوە بچن. لە هەریەكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی جزیرە، پاڵەوانانی عیراق، بەغدا، فوڕات و ئەنبار، وەك ئەوەی حكوومەتی عیراقی رایگەیاندووە، پەناگە و حەشارگەی تیرۆریستان خاپوور كراوە.
لە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەكاندا هێزەكانی هاوپەیمانان بەشدارییان تیادا نەكردووە و ئەگەرچی لەم بارەیەوە هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی نییە، بەڵام پێدەچیت ئەوە بۆ دووهۆكار بگەڕێتەوە، یەكەم متمانەبەخۆبوونی سوپای عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، دووهەم ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانی بە رابەرایەتی ئەمریكا لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی كە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكانن.
ئەوەی شایەنی تێڕامانە، لەو ناوچانەی كە زۆرترین هەماهەنگی و هاوكاری هێزەكانی عیراقی، لە پێشمەرگە و سوپای عیراقی تێدا دەبیندرێت، كەمترین جموجۆڵی داعش تۆمار كراوە و بە پێچەوانەشەوە لەو ناوچانەی كە هەماهنگیییەكانی نێوان ئەو هێزانە كەمتر یان هیچ نییە، داعش زۆرترین گۆڕەپانی بۆ بڵاوكردنەوەی بیری توندڕەوەی و چالاكییە تیرۆریستییەكانی داگیر كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group