ئەحمەدی نەژاد: پێویستە یاسای حیجاب بەپێی خواستی زۆرینەی خەڵك بێت

27/11/2020 جیهان

نەوا
سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران دەڵێت، پێویستە یاسای پۆشینی حیجاب و جلوبەرگ بە خواست و ویستی زۆرینەی خەڵكی وڵاتەكە بێت.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە چاوپێكەوتنێكدا لە بارەی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران رایگەیاند، یاسا گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیە و پێویستە لە پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوی خەڵك دەنگی لەسەر بدرێت.
وتیشی، تەنانەت ئەو یاسایانەی سەرچاوەیان ئایینی ئیسلامە پێویستە بە پەرلەماندا تێپەربن و دەنگیان لەسەر بدرێت و پەرلەمانیش دەبێت نوێنەرایەتی راستەقینەی خواست و ویستی خەڵك بكات.
 سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران باسی لەوەشكردووە، رای عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئایینی ئێرانیش لە سەر حیجاب نابێت ببێتە رێگر لە بەردەم دەربڕینی بیر و رای جیاوازی كەسانی تر لە سەر یاسای حیجاب.
ئەحمەدی نەژاد كە لە ماوەكانی رابردوودا چەندین جار رەخنەی توندی لە عەلی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای دیكە گرتووە، ساڵی 2017 رێگەی پێنەدرا خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group