به‌رهه‌م ساڵح یاسای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعشی پەسەندکرد

08/03/2021 عێراق

نه‌وا
به‌رهه‌م ساڵح سەرۆكکۆماری عێراق، یاسای قه‌ره‌بووكرنه‌وه‌ی ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعشی پەسەندکرد.
ئەو یاسایە کە لە ماوەکانی رابردوودا لە په‌رله‌مانی عێراق دەنگی لەسەردرابوو، قەرەبووەکردنەوەی ئافرەتانی ئێزدی، تورکمان و شەبەک کە لە ژێر دەستی داعش رزگارکراون، دەگرێتەوە.
بەرھەم ساڵح لە رێورەسمێکدا کە بەبۆنەی ھەشتی مارس، رۆژی جیھانیی ئافرەتانەوە لە په‌رله‌مانی عێراق، سازکرابوو گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند کە چه‌كدارانی داعش، قێزەونترین تاوانی دژبە مرۆڤایەتییان بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجامداوە.
وتیشی: "ئافرەتانی عێراق لە زۆر رەوشی ئاڵۆزدا، پارێزگارییان لە بوونی خێزانەکانیان کردووە و ئەمڕۆیش نەھامەتیی ئەو ئافرەتە ئێزدی و تورکمانەی کە بەھۆی ھێرشەکانی داعش بەرەوڕووی بوونەوە وەبیرمان دێتەوە و وتی: "جەژنی ئافرەتان، جەژنی ھەموو کۆمەڵگایە".
سەرۆكکۆماری عێراق، وتی: "چه‌كدارانی داعش قێزەونترین تاوانی دژبە مرۆڤایتییان بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجامداوە و لەبەر ئەوە، یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش پەسەند دەکەم".
بەرھەم ساڵح دوای وتارەکەی لەبەردەم ئامادەبووانی رێورەسمەکە، یاساکەی واژوو کرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group