داعش وردەكاری هێرشەكەی بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە بڵاوكردەوە

04/12/2021

نەوا-
رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتی لە هێرشەكەی سەر گوندی خدرجیجەی لە سنوری قەرەچووخ راگەیاند كە بەهۆیەوە 10 پێشمەرگە و 3 هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون.
بەناو ویلایەتی عیراقی رێكخراوی داعش لە رێگەی كەناڵەكانی لە تۆڕی تێلێگرامەوە بڵاویكردووەتەوە، چەكدارەكانیان بە چەكی سوك، مامناوەند و "ئاڕ پی جی" دوو سەنگەری پێشمەرگەیان لە گوندی خدرجیجە لە ناوچەی دیبەگە كردووەتە ئامانج، كە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە كوژران و 5 پێشمەرگەی دیكە برینداربوون.
ئەوەش هاتووە، لە كاتی كشانەوەی چەكدارەكانیان پێشمەرگەكان هەوڵیاندا بۆسەیان بۆ دابنێن، بەڵام چەكدارەكانیان لە دوو سەنگەرەوە بە چەكی سوك و مامناوەند و موشەك وەڵامیان دانەوە و لە ئەنجامدا 7 پێشمەرگە كوژراون كە دوانیان ئەفسەری پلەدارن، لەو هێرشەدا چەكدارەكانیان ئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەیان سوتاند و بە سەلامەتی گەڕانەوە.
لە هێرشەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە لە سنوری مەخمور، 13 كەس شەهید بوون كە 10یان پێشمەرگە بوون و سیانیان هاوڵاتی مەدەنی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group